سوودانی هۆکاری دەست پێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ئاشکرا دەکات

عێراق

بۆكس ھەواڵ ـ 

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق  راگەیاندووە، ناکۆکییەکان لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کە لە کەرتی نەوتی هەرێمیکوردستان کار دەکەن، لەسەر خەرجکردنی پارەکانیان، هۆکاری دواکەوتنی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمیکوردستانە کە نزیکەی 10 مانگە راگیراوە.

سوودانی دەشڵێت: "کۆمپانیاکانی نەوت، پرسێکیان هەیە لەگەڵ خەرجیی بەرهەمهێنانی نەوتەکە، گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنیئەو کێشانە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنێکی فەرمی."

ڕاشیگەیاند، ژمارەیەک لە نوێنەرانی کۆمپانیاکەیان، لە ماوەی رابردوودا لە بەغدا بەشداربوون لە گفتوگۆکان و هیواداریشن ئەو گفتوگۆیانەفراوانتر بکرێن و بگەنە رێککەوتنێکی فەرمی لە نێوان سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەو پرسە و دەستپێکردنەوەی تەواوی بەرهەمهێنان وهەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.  

ئاماژەی بەوەشکرد، لە مانگی رابردووەوە لەنێو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەرقاڵی هەڵسەنگاندنێکن بۆ گۆڕانکاری لە بودجەی عێراق،تاوەکو لە رێگەی گۆڕانکارییەکانەوە بتوانن پارەی کۆمپانیا بیانییەکان بدەن.  

گرووپی ئەپیکور لە شەش کۆمپانیای تایبەت بە نەوت لە هەرێمی کوردستان پێکهاتووە و پێش راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بۆتورکیا، ئەندامانی ئەو کۆمەڵەیە، 50٪ـی نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستانیان بەرهەم دەهێنا.

رۆژی 25ی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا. بەگوێرەی کۆمەڵەی ئەپیکور، ئەو بڕیارە تائێستا نزیکەی 10 ملیار دۆلار زیانی بە هەرێمی کوردستان و عێراق گەیاندووە.

699 جار خوێندراوه‌ته‌وه