کۆمیسیۆن: پرۆسەی دەنگدان بە هیچ شێوەیەک درێژ ناکرێتەوە

عێراق

بۆکس هەواڵ ـ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کاتی کردنەوەی بنکەکانی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرد و رایگەیاند، لە کاتژمێر 7:00ـی بەیانییەوە دەنگدەران دەتوانن بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.

کۆمسیۆن لە راگەیەندراوێکدا، تەواوی هاوپەیمانیەتییەکان، لایەنەکان، کاندیدان، چاودێران و میدیاکاران ئاگادارکردەوە، کاتی دەنگدانی گشتی و تایبەت لە کاتژمێر 7:00ـی بەیانی دەستپێدەکات بۆ کاتژمێر 6:00ـی ئێوارە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، بۆ دەنگدەرانی تایبەت لە رۆژی هەینی کاتژمێر 7:00ـی بەیانی تاوەکو 6:00ـى ئێوارە بنکە و سندوقەکانی دەنگدان کراوە دەبن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆژی یەکشەممە بە هەمانشێوە لە کاتژمێر 7:00ـى بەیانی تاوەکو 6:00ـى ئێوارە بنکە و سندوقەکانی دەنگدان بە رووی دەنگدەرانی گشتیدا کراوە دەبن.

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان جەختیکردووەتەوە، بەهیچ شێوەیەک کاتی دەنگدان درێژ ناکرێتەوە و لە کاتی خۆیدا بنکەکان دادەخرێن، چونکە کردنەوە و داخستنی وێستگەکانی دەنگدان بە شێوەی ئەلکترۆنی دەبێت.

868 جار خوێندراوه‌ته‌وه