دارایی عێراق: سەرجەم رێکارەکانی دابەشکردنی مووچەی مانگی دوانزە تەواو بووە
عێراق

بۆکس هەواڵ ـ
فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی تەواوی مووچەی فەرمانبەرانی هەموو فەرمانگە و پارێزگاکانی بۆ مانگی کانوونی یەکەم دابین کردووە، بەپێی خشتەی شایستەکان.
وەزارەت ئاماژە بەوە دەکات کە پرۆسەی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ ئەم مانگە چەند ڕێکارێکی تەکنیکی و ژمێریاری لەخۆ گرتووە، لەوانە وردبینیکردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە هاوکات لەگەڵ کۆتایی ساڵی دارایی و ئامادەکردنی حیساباتی کۆتایی. ئەم ڕێکارانە پێویستن بۆ دڵنیابوون لە شەفافیەت و وردی زانیاریە داراییەکان.
هەروەها وەزارەت سەرنجی ڕای گشتی بۆ ئەوە ڕادەکێشێت کە ڕێکاری خێرای گرتووەتەبەر بۆ خێراکردنی پرۆسەی دابینکردنی پارە و دڵنیابوون لە وەرگرتنی تەواوی مافەکانیان لەلایەن فەرمانبەرانەوە، لەگەڵ پابەندبوون بە جێبەجێکردنی پێوەرەکانی کارامەیی و شەفافیەت.
وەزارەت داوا لە هەموو میدیاکان دەکات کە بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و دڵنیا ببنەوە لە ڕاستی ئەو زانیاریانەی کە بڵاو دەکرێنەوە، و پشت ببەستن بە سەرچاوە فەرمییەکان لە گواستنەوەی هەواڵەکاندا.