هۆشدارییەک لە بانکی (TBI)ـیەوە؛ فێڵ لە مووچەخۆرانی هەرێم دەکرێت
کوردستان
بۆکس میدیاـــــــ
بانکی بازرگانیی عێراقی (TBI) هۆشداریی توند دەداتە ئەو مووچەخۆرانەی هەرێمی کوردستان کە بەشدارن لە پڕۆژەی (هەژماری من)، تاوەکو ئاگاداری ئەو هەوڵە ساختەکارییانە بن کە ئامانج لێیان دزین و بردنی مووچەکانیانە.
بانکەکە ئاشکرایکردووە، چەندین پەیج و ئەکاونتی ساختە بە ناوی بانکەکەوە لە ڕێگەی واتسئاپەوە پەیوەندی بە هاووڵاتییانەوە دەکەن و بە بیانووی چالاککردنی کارت یان پێدانی دۆلاری گەشتیاری، داوای وێنەی کارتی بانکی و زانیارییە کەسییەکان دەکەن. لە ئێستاشدا بەشێک لە مووچەخۆران، بەتایبەت خانەنشینان، بوونەتە قوربانی و لەم ڕێگەیەوە پارەکانیان براوە.
بۆ پاراستنی هەژمارەکان، (TBI) داوا لە سەرجەم مووچەخۆران دەکات بە هیچ شێوەیەک وێنەی کارتەکانیان و زانیاریی کەسیی بۆ هیچ لایەنێک نەنێرن، جەختیش دەکاتەوە کە بانک هەرگیز داوای کۆدی (OTP) یان ژمارەی نهێنیی کارت لە بەشداربووان ناکات و هیچ پەیوەندییەکیان بەو پەیجە ساختانەوە نییە.