فەرهاد شامی: مەترسی جدی لەسەر ڕۆژاڤای كوردستان هەیە

کوردستان

بۆکس میدیاــــــــــ

فەرهاد شامی، بەرپرسی پێشوی ڕاگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، هۆشداریدا کە دەستکەوتەکانی شەڕی داعش لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە مەترسیدان و ڕایگەیاند، خۆپیشاندانەکانی حەسەکە لەژێر پاراستنی دیمەشق، مەترسیی سەرهەڵدانەوەی توندڕەوی پیشاندەدەن و داوای کرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناوچەکە پشتگوێ نەخات. 

فەرهاد شامی لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەکردوە کە پاشەکشەی گرنگیپێدانی نێودەوڵەتی و گۆڕانی بەرژەوەندییەکانی هاوپەیمانان، بوەتە مەترسی بۆ سەر ئەو قوربانیدانانەی کە هەسەدە و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە 10 ساڵی ڕابردودا پێشکەشیان کردوە. شامی جەختیکردەوە کە ئەو دیمەنانەی لە حەسەکە بینران و تێیدا هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی دیمەشق پاراستنیان بۆ خۆپیشاندانێکی گوماناوی دابین کردبو، بیرەوەرییە تاڵەکانی سەردەمی داعشیان هێناوەتەوە یاد.

بە وتەی شامی، ئێستا کورد و مەسیحی و پێکهاتەکانی تری ناوچەکە ڕوبەڕوی هەڕەشەی جدی دەبنەوە و پێویستیان بە دەستێوەردانی بەپەلەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەیە. ئەو داوای کرد کە ڕێگە نەدرێت مێژو دوبارە ببێتەوە و هاوڵاتیانی مەدەنی جارێکی تر ببنە قوربانیی پشتگوێخستن، چونکە نەمانی ئاسایشی ئەم پێکهاتانە و بەهێزبونی توندڕەوی، هەمو دەستکەوتەکانی دەیەی ڕابردو لەناودەبات.

فەرهاد شامی لە پلاتفۆڕمی "X" باسی لەوەشكردوە، "ئەوەی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕودەدات پێویستی بە وردبینییەکی جدی هەیە؛ نابێت ئاسایشی پێکهاتەکان لەژێر ڕەحمەتی بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییە گۆڕاوەکاندا جێبهێڵرێت".

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بە هاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، لە ساڵی 2014وە جەنگێکی سەختیان دژ بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش ئەنجامدا و لە ساڵی 2019 توانییان کۆتا مۆڵگەیان لە باغۆز لەناو ببەن. بەڵام سەرەتای ئەمساڵ دوای هێرشەكانی گروپەكان ئەو هێزە كشایەوە بۆ ناوچە كوردییەكان سەر ئەنجام لە 25ـی (ئاب/8)ـی ئەمساڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەكە، هەڵوەشاندنەوەی ڕاگەیاند.

ئەو بڕیارە دوای زنجیرەیەک گۆڕانکاریی سیاسی و سەربازی لە سوریا و ڕێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتی سوریا هات بۆ تێکەڵکردنی تەواوەتیی دامەزراوە سەربازی، ئەمنی و کارگێڕییەکانی ئیدارەی خۆسەر لەناو دەزگاکانی حکومەتی ناوەندیدا.