ئەدهەم بارزانی: پێویستە ئەمریكا ڕۆڵی سەرەكی خۆی ببێنێت

کوردستان
1213 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بۆکس هەواڵ ـ

لە پەیامێکدا ئەدهەم بارزانی سیاسەتمەداری کورد هۆشداری دەدات و ڕایدەگەیەنێت، داوا لە ھەموو لایەنەكان و ھاوپەیمانان و بەتایبەتی ئەمریكا دەكەم كە ھێزی خۆی بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی چیتر ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستان دوانەكەوێت و ھەر دواكەوتنێك تەواوی پرۆسەی دیموكراتی لـە هەرێمی كوردستان دەخاتە مەترسیەكی زۆر گەورەوەو جدییەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، بەھەموو پێوەرەكان ھیچ دەزگایەك و سەرۆكاتیەكی یاسایی و شەرعی لەم وڵاتە نەماوەو ھەموو دەسەڵاتەكان لە دەرەوەی شەرعیەت و بە شێوەیەكی ناشەرعی كار دەكەن و لێرەیە كە نیگەرانی دروست دەبێت، کە لە بەرامبەر بارودۆخەکە كردەوەی ناشەرعی لە دەرەوەی یاسا روبدات.

ئەدهەم بارزانی هەر لە پەیامەکەیدا دەشڵێت، پێویستە بۆ پاراستنی خوێنی زیاتر لە دوو سەد هەزار شەھید و دەھا ساڵی تێكوشان و خەبات و ڕەنجی ئەم میللەتە بە فێرو نەچێت و  ئارامی و ئاسایشی كوردستان و رۆژھەڵاتی ناڤین توشی شڵەژان نەبێت، پێویستە ئەمریكا ڕۆڵی سەرەكی خۆی ببێنێت و نەهێڵێت ھەندێك لایەنی سیاسی بۆ بەرژەوەندی خۆی  بنەمایەكانی پێكەوە ژیان بخاتە مەترسییەوە، چونكە بارودۆخەكە زۆر ناسك و ھەستیارە.