قوباد تاڵەبانى بۆ سەرۆکى یەکێتی: جوامێرانە نەتهێشت مامەڵەکردنی نابەرپرسیارانەی هەندێک هێز و لایەن بەردەوامبێت

کوردستان
1132 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بۆكس هەواڵ ـ

قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتى لەساڵیادى دامەزراندنى یەکێتیدا پەیامێک ئاڕاستەى بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى حیزبەکە دەکات و دەڵێت، جوامێرانە نەتهێشت مامەڵەى هەندێک هێز بەردەوامبێت.

قوباد تاڵەبانى روودەکاتە سەرۆکى یەکێتی و دەڵێت، لەپشتتین، چونکە ئەمانەتێکی گرنگ و ئەرکێکی مێژوویی کەوتووەتە سەرشانت، سەرۆکایەتی و ڕێبەرایەتیی یەکێتییەک دەکەیت کە هەزاران شەهیدی بە ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان بەخشیوە و دەیان سەرکردەی نەزری کوردستان کردووە و هەڵگیرسێنەری شۆڕشی نوێ و مەشخەڵی تاریکترین چرکەساتی مێژووی ئێمەیە. هەر ئەو یەکێتییە، ئەندازیاری ڕاپەڕین و دروستکەری قەوارەی هەرێمی کوردستانە و چیرۆکی نیو سەدە لە گیانبازیی پێشمەرگە و فەرماندەکانی لە بەگژداچوونەوەی زاڵمترین ڕژێمی دیکتاتۆری، لە ئەفسانە دەچێت.

دەشڵێت، ئێمە دەزانین خۆشەویستیی تۆ بۆ یەکێتی و ڕێبازی مام، چەند قووڵ ڕۆچووەتە دڵ و گیانتەوە و چەند وردیش لەو عەقڵە سیاسییە گەورەیە تێگەیشتوویت کە ئەم حیزبەی دامەزراندووە.

ئێستایش سەدان هەزار کەس بەدڵگەرمییەوە بەرگریی لەو ئایدیا و ڕێبازە دەکەن و بۆ بەدیهێنانی خەونی ئەو سەرکردە مەزنە، تێدەکۆشن.

قوباد تاڵەبانى لەدرێژەى پەیامەکەیدا بۆ بافڵ جەلال تاڵەبانى دەڵێت، جوامێرانە نەتهێشت مامەڵەکردنی نابەرپرسیارانەی هەندێک هێز و لایەن بەردەوام بێت، چونکە دەتزانی ئەگەر ستراتیژی سیاسیی کوردی بەو شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا دۆزی کوردی دەکەوێتە بەردەم مەترسیی گەورە و سەرجەم ئەو دەستکەوتانەی لە عێراقی فیدراڵدا بەدەستمان هێناون، لەدەستمان دەردەچن. بەشکۆوە، دژی ئەو سیاسەتە وەستایتەوە. بەوەش، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانت سەربەرزتر و کۆمەڵانی خەڵکی کورستانیشت بە یەکێتی، هیوادارتر کرد.

سبەینێ یەکى حوزەیران یەکێتى نیشتیمانى کوردستان چل و نۆیەمین ساڵیادى دامەزراندنى حیزبەکە دەکاتەوە.