پەکەکە وەڵامی توندی ئەنجوومەنی ئاسایشی پارتی دەداتەوە

کوردستان

بۆکس هەواڵ ـ

پەکەکە رەتیدەکاتەوە کە تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ـی پارتی لە گەرمیان کاری ئەوان بێت و دەڵێت: هەر رووداوێک بەسەر هەر هاوڕێیەکماندا بێت لە باشووری کوردستان ئەوە پارتی لێی بەرپرسیارە.

کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: "پارتی دیموکراتی کوردستان بە پروپاگەندەی درۆئاسا دەیەوێت پەکەکە رەش بکات، ڕۆژەڤ بگۆرێت و تاوانباران بشارێتەوە، گەلەکەمان باش دەزانێت کە پەکەکە تەڤگەرێکی کۆمەڵگەیی دیموکراتیکی ژینگەی و ئازادییخوازە، لە هەمان کاتدا گەلەکەمان راستینەی زهنیەتی پیاوسالاری و دژبەری ژنان و دووژمنایەتی ژینگە و سرووشتی لەلایەن پەدەکە باش دەزانێت، هەروەها پەدەکە لە ئاگرکەوتنەوەکانی هەولێر و کەرکووک، پەکەکەی تۆمەتبارکرد، بەڵام بە بەڵگە و دەلیل سەلمێندرا ئەو ئاگرانە بە هەماهەنگی پارتی و میت، ئەنجامدراون".

پەکەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئەنجوومەنی ئاسایشی تەنها ناوی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانە، لە ڕاستییدا تەنها ئەنجوومەنی ئاسایشی بنەماڵەی بارزانییە، بە شێوەی ئەنقەست و نامەردانە، پەکەکە بە تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی ئەکرەم ساڵح بەرپرسی پەدەکە نیشان دەدات، ئێمە ئەم تۆمەتە بێبنەما و ناحەقە ڕەتدەکەینەوە، دوای ئەم راگەیاندراوە پەدەکە بە ئەنقەست لە دژی بەڕێوەبەرایەتیی ئێمە دەرکەوتووە، لە هەر کوێی باشووری کورستان دەبێت با ببێت، هەر رووداوێک بەسەر هەر هاوڕێیەکماندا بێت پەدەکە لێی بەرپرسیارە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "گەلەکەمان باش دەزانێت کە لە چەندین ناوچەی باشووری کوردستاندا لە کاتە جیاوازەکاندان بە دەستی میت و پاراستن، چەندین شۆڕشگێڕ و وڵاتپارێز تیرۆرکراون، گەلی کورد باش دەزانێت کە بکوژان بە هاوکاریی پاراستن ئەو کردەوەیانەیان ئەنجامداوە و پاش کردەوەکە هەڵهاتوون بۆ هەولێر، ئاشکرایە کە بەرپرسیاری ئەو کردەوانە پاراستنە".

جەختیشیکردووەتەوە، "گەلی کورد لە ساتەوەختێکی مێژوویی و گرنگدا دەرباز دەبێت، دەبێت هەموو گەلی وڵاتپارێز، رۆشنبیر، ئەکادیمیست، حزب و ڕێکخراوەکانی کوردستان لە دژی خیانەت و هاوکارییەکانی پەدەکە ببنە یەک، بۆیە دەبێت گەلەکەمان بزانێت تەنها بەم شێوەیە هەبوون، ئازادیی و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان پارێزراوە".

شەوی رابردوو، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەبارەی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلی بەرپرسی لقی پارتی لە گەرمیان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "کارەکە لەلایەن پەکەکەوە ئەنجامدراوە".

575 جار خوێندراوه‌ته‌وه