لیژنەی ئەمنی چەند بڕیارێکی لەبارەی بانگەشەی هەڵبژاردن دەرکرد

کوردستان
605 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بۆکس هەواڵ ـ سلێمانی 

لیژنەی ئەمنیی سلێمانی ڕایگەیاند، بانگەشەی هەڵبژاردن و کۆبوونەوەی جەماوەرییی لەو شوێنانەدا ناکرێت کە هاتووچۆی گشتی و نەزمی گشتی رادەگرن، شوێنی تایبەت دیاریدەکرێت.

لیژنەی ئەمنیی سلێمانی لە نووسراوێکدا ڕایگەیاند، بڕیاردراوە هەموو دامەزراوە حکومییەکان بێلایەن بن لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان و هیچ دامەزراوە و کەلوپەل و توانستێکی مرۆیی، ماڵیی، دارایی و لۆجیستی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان و لە بەرژەوەندی هیچ بەربژێر، لیست، قەوارە و هاوپەیمانێتییەک بەکارنەهێنرێت.

باسی لەوەشکرد، زەمینەیەکی هاوسەنگ و هاوبەشی لەبار بۆ هەموو بەربژێر لیست، قەوارە و هاوپەیمانێتییە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن، بەپێی یاساکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕەخسێنرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بە هەماهەنگیی ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆن، رێنمایی پێویست بۆ دیاریکردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان و دوای هەڵبژاردنەکان دەربکات و پێویستە هەموو لایەک پابەندی ئەو رێنماییانە بن.

ئاشکراشیکرد، هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن و کۆبوونەوەی جەماوەرییی لەو شوێنانەدا ناکرێت کە هاتووچۆی گشتی و نەزمی گشتی رادەگرن، شوێنی تایبەت بە بانگەشە لەلایەن بەرێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی و سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی و ئۆفیسی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی دیاریدەکرێن.

لیژنەی ئەمنی سلێمانی جەختی لەوەشکردەوە، هەموو فەرمانگەکانی ئەندام لە لیژنەی ئارامیی هەڵبژاردنەکان و فەرمانگەکانی دیکەی دەرەوەی ئەم لیژنەیەش پشتیوان و هاوکاری ئۆفیسی سلێمانییەوە دیاریدەکرێن.

ئەوەشی خستەڕوو، هیچ هەڵمەتێکی هەڵبژاردن و بانگەشەیەک لەناو دامودەزگاکانی حکومەتدا ناکرێن و لە کاتی دەوامی فەرمییدا هیچ کارمەندێک مافی بانگەشەکردنی نییە.