واده‌ی ده‌ستپێكردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن دیاریكرا

کوردستان
273 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بۆکس هەواڵ ـ

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق واده‌ی ده‌ستپێكردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانی راگه‌یاند و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، تا 24 كاتژمێر پێش هه‌ڵبژاردن به‌رده‌وام ده‌بێت.

خالید عەباس، بەرپرسی نووسینگەی دهۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند: رۆژی 16ـی ئەیلولی 2024، بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست پێدەکات و تا 24 کاتژمێر پێش دەستپێکردنی پرۆسەی دەنگدان بەردەوام دەبێت.

بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆن، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 کەس لە هەرێمی کوردستان کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە و مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردن هەیە، لەو ژمارەیەش دوو ملیۆن و 683 هەزار و 618 دەنگدەر لە دەنگدانی گشتی و 215 هەزار و 960 دەنگدەریش لە دەنگدانی تایبەت بەشداری دەکەن.

هاوکات بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەزار و 431 بنکەی دەنگدانی ئامادەکردووە کە هەزار و 266 بنکە بۆ دەنگدانی گشتی و 165 بنکەش بۆ دەنگدانی تایبەت دەبێت.