بەشێک لە خانەنشینانى یەکەى 70 مووچەى مانگى ئابیان وەرنەگرتووە
کوردستان

بۆکس هەواڵ ـ سلێمانی
تاوەکو ئێستا بەشێک لە خانەنشینانى یەکەى 70 مووچەى مانگى ئابیان وەرنەگرتووە، بەڕێوەبەرى خانەنشینانى یەکەى 70ـش دەڵێت: لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە مانگانە گرفت بۆ دابەشکردنی مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی 70 درووستدەکرێت و چاوەڕوانن تەمویلی مووچەکانیان بگات.
حاکم فەتحوڵڵا عومەر، جێگرى بەڕێوەبەرى گشتیى خانەنشینانى پێشمەرگە سەربە وەزارەتى پێشمەرگە و بەڕێوەبەرى خانەنشینانى یەکەى 70 رایگەیاند، "مانگانە ئەو کێشەیە دووبارە دەبێتەوە و تاوەکو ئێستا چارەسەر نەکراوە.
باسی بەوەشکردووە، "سەمیر هەورامى، گوتەبێژى قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان، لەسەر هێڵە لەگەڵ وەزارەتى دارایى بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشەیە و چاوەڕێى وەڵامن".
ئاماژەى بەوەشکرد، "هیچ گرفتێک لە لیستی مووچەی خانەنشینیی هێزەکانی 70ـدا نییە، بەڵام مانگانە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە کێشەیان بۆ دروستدەکرێت و ناردنی مووچەکانیان دوادەخرێت".
دەشڵێت: "بەشێک لە خانەنشینانی پێشمەرگە ئەم گرفتەیان هەیە و چاوەڕوانین سبەی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە تەمویلی مووچەکانمان بگات".