نوێترین پەیامی بافڵ تاڵەبانی لەبارەی پێکهێنانی حکومەت و هەژماری من

کوردستان
562 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بۆکس هەواڵ ـ 

سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت، "هەژماری من کۆتاییهاتووە" لەبارەی پێکهێنانی حکومەتیشەوە دەڵێت،"ئەو حکومەتەی دروستدەکرێت، هی خەڵک دەبێت نەک لایەنێکی دیاریکراو."

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و دۆخی هەرێمی کوردستان دوای هەڵبژاردن، پرسی پێشمەرگە و پێشکەشکردنی خزمەگوزاری گفتوگۆیان لەبارەوەکرا.

بافڵ تاڵەبانی باسی لە هەڵوێستی یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی حکومەت کردووە و وتوویەتی، "یەکێتی بەپەرۆشییەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار و تەندروست دەڕوانێت، حکومەتێک ڕەنگدانەوەی خواستەکانی خەڵک بێت و هیچ لایەنێک نەتوانێت مەرام و ویستەکانی خۆی بسەپێنێت و دامەزراوە حکومییەکان بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاربهێنێت."

سەرۆکی یەکێتی دەڵێت، " قۆناغی داهاتووش بریتی دەبێت لە چەسپاندنی دادپەروەری و دوورکەوتنەوە لە جیاکاری، هیوادارم هەموولایەنەکان خۆیان لەگەڵ ئەم پرەنسیپە بگونجێنن، چونکە ئەو حکومەتەی دروستدەکرێت، هی خەڵک دەبێت نەک لایەنێکی دیاریکراو."

لەبارەى چاکسازییەکانی ناو هێزەکانی پێشمەرگە و یەکخستنەوەی هێزەکان، سەرۆکی یەکیتی ئاماژەی بەوەکردووە، "هەموو هەوڵێک لە دەرەوەی رێککەوتنەکان وەک لێدان لەم پرۆسە نیشتمانییە دەبینین، بۆیە هیوادارین هەمووان بەرپرسانە مامەڵە بکەن و بێگومان هاوکاریی دۆستەکانیشتمان لەپێناو بەدیهێنانی ئەم ئامانجە، بەرز دەنرخێنین."

لەبارەی پرۆسەی "هەژماری من" سەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاندووە، "ئەم پرسە کۆتاییهاتووە، ئەوەی خەڵک دەیەوێت ئێمە جێبەجێی دەکەین و هەوڵەکانمان لەپێناو ئەواندایە، لەو چوارچێوەیەشدا پاڵپشت بە یاسا کار بە 'تەوتین' دەکەین کە لەبەرژەوەندیی مووچەخۆراندایە نەک لایەنێکی دیاریکراو."