هەرێم کورتهێنانی مووچەی مانگی 12 بە داهاتی ناوخۆ پڕناکاتەوە

کوردستان

بۆکس هەواڵ ـ

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە میدیای نزیک لە یەکێتی نستیمانی راگەیاندووە، ئەگەر بەغداد جگە لەو 441 ملیار دینارەی رەزامەندیی لەسەر داوە، پارەی دیکە نەنێرێت، ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە مووچەی مانگی 12ـی مووچەخۆرانى هەرێمی کوردستان پاشەکەوت دەکرێت.

سەرچاوەکە ئاماژەیان بەوەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان کورتهێنانی مووچەی مانگی 12 بە داهاتی ناوخۆ پڕناکاتەوە، لەبەرئەوە لە دوای تەواوبوونی پشووەکانی سەری ساڵ دەست بە هەوڵەکانی دەکاتەوە بۆ رازیکردنی بەغداد تاوەکو پارەی دیکە بنێرێت و چارەنووسی مووچەی مانگی 12ـی پێ یەکلابکەنەوە.

هەربەپێی زانیارییەکان، بەغداد جگە لەو 441 ملیار دینارەی رەزامەندیی لەسەر داوە، ئامادەنییە هیچ بڕە پارەیەکی دیکە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2024 بنێرێت و دەڵێت، بە درێژایی ئەو ساڵە پارەی تەواویان بۆ هەولێر ناردووە.

هاوکات هەرێم بۆ دابەشکردنی مووچەی هەر مانگێکی مووچەخۆران پێویستی بە 999 ملیار دینار هەیە، بۆیە بەو 441 ملیار دینارەى رەوانە دەکرێت لەگەڵ ئەو 631 ملیار دینارەی بۆ مانگی 11 نێردراوە، مووچەی مانگی 11ـی پێدابەشدەکرێت و بڕى 73 ملیار دیناریش دەمێنێتەوە، ئەوکاتە هەرێم پێویستی بە 926 ملیار دیناری دیکە هەیە بۆ دابەشکردنی مووچەى مانگى 12ـی مووچەخۆران.

1099 جار خوێندراوه‌ته‌وه