هەسەدە: 72 بەکرێگیراوی دیکەی تورکیا کوژران

کوردستان

بۆکس هەواڵ ـ 

هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، لە رۆژی رابردووەوە تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ 72 چەکداری گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیایان لە باشووری رۆژهەڵاتی منبج و لادێکانی نزیک لە بەنداوی تشرین کوشتووە و دەیان چەکداری دیکەشیان بریندار کردووە.

هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، دوێنێ پێنجشەممە لە باشووری رۆژهەڵاتی منبج و نزیک بەنداوی تشرین، رووبەڕووبوونەوەی سەخت لەنێوان هێزەكانیان و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا هەبووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە رووبەڕووبوونەوەکاندا دەستیان بەسەر ژمارەیەک چەک و تەقەمەنیدا گرتووە و تانکێک و شەش ئۆتۆمبێل و زرێپۆشیان تێکشکاندووە.

هەسەدە دەشڵێت، "رۆژی رابردوو گرووپە چەکدارەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکی و تانک و زرێپۆشی پێشکەوتوو، هێرشیان بۆ سەر چەند گوندێک لە باشووری رۆژهەڵاتی منبج ئەنجامداوە، تەواوی ئەو هێرشانە لەلایەن هێزەکانمانەوە بەرپەرچدراونەتەوە و شکستیان پێهێنراوە".

باسی لەوەشکردووە، "تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر بەنداوی تشرین زیاتر کردووە و بەوهۆیەوە زیانێکی زۆر بەر بەنداوەکە کەوتووە".

هەسەدە لە راگەیەندراوەکەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بەهۆی رووبەڕووبوونەوەمان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا، 11 ئەندامی هێزەکانمان گیانیان لەدەستداوە".

547 جار خوێندراوه‌ته‌وه