هێزه‌كانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی له‌ هه‌ولێر و ئه‌نبار مه‌شقی سه‌ربازییان ئه‌نجامدا

جیهان
401 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بۆكس ھەواڵ ـ 

لە نزیک هەولێر و هاوكات له‌ ناوچه‌ی خالیدییە لە پارێزگای ئەنبار هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، مەشقی سەربازییان بۆ پاراستنی هێزەکانیان ئەنجامدا.

ئەم مەشقە کاتێکدایە، لە ماوەی رابردوو لەلایەن گروپە چه‌كداره‌كانی سه‌ربه‌ مقاومه‌ی به‌ناو ئیسلامی، بەردەوام به‌ درۆن و موشه‌ك هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و بنكه‌ی عەین ئەسەد له‌ پارێزگای ئه‌نبار.

له‌سه‌ر مه‌شق و راهێنانه‌كانیش، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: "رۆژی شەممە هێزەکانیان لە نزیک هەولێر و خالیدییە لە پارێزگای ئەنبار مەشقی ئۆپراسیۆنی بەرگری ئاسمانی، زەمینی و بنکەکانیان ئەنجامدا بۆ جێگیرکردنی سیستمی چەکەکان و بەردەوامیدان بە لێهاتوویی و ئامادەیی تیمەکانیان".

ده‌شڵێت: ئەم جۆرە مەشقانە بۆ دڵنیاییدانە لە بەردەوامی توانای هاوپەیمان بۆ پشتیوانیکردن لە هێزە هاوبەشه‌کان و سەربازانی هاوپەیمانان و پێش دەستپێکردن و لە کاتی مەشقەکەشدا، پلانی تۆکمە و رێوشوێنی سەلامەتی بۆ پاراستنی هاوپەیمانان و خەڵکی ناوچەکانی نزیك له‌ مه‌شقه‌كه‌ گیراونەتەبەر.