دوای كوژرانی 9 سه‌ربازی توركیا‌، ئه‌ردۆغان سه‌رپه‌رشتیی كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئه‌منی ده‌كات

جیهان
172 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بۆكس ھەواڵ ـ 

دوای ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگریی توركیا كوژرانی 9 سه‌ربازی له‌ هێرشی په‌كه‌كه‌دا بۆسه‌ر بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی له‌ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند، بڕیاره‌ ئه‌مرۆ سه‌رۆك كۆماری ئه‌و وڵاته‌ سه‌رپه‌رشتیی كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئه‌منی بكات.

شه‌وی رابردوو له‌ سێ راگه‌یه‌ندراوی جیاوازدا وه‌زاره‌تی به‌رگریی توركیا هه‌رجاره‌ و ئامارێكی له‌سه‌ر هێرشی په‌كه‌كه‌ بۆسه‌ر سوپای وڵاته‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه‌و به‌پێی دوایین ئاماری وه‌زاره‌ته‌كه‌ 9 سه‌رباز له‌و هێرشانه‌دا كوژراون.

دوای هێرشه‌كه‌ و كوژررانی ئه‌و سه‌ربازانه‌، سوپای تورکیا چەند بنکە و بارەگایەکی پەکەکەی لە ناوچەکانی مەتینا، خواکوڕک، قەندیل و چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستانی بۆردومان کرد و لەبارەی زیانەکانی پەکەکەش وەزارەتی بەرگری تورکیا ئاماژەی بەوەکردووە كه‌ 12 گه‌ریلای پەکەکەیان كوشتووه‌.

هێرشی پەکەکە بۆسەر سوپای تورکیا، لەناوخۆی تورکیا کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوه‌و بڕیاریشه‌ ئەمڕۆ به‌ سەرپەرشتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبونەوەیەکی ئەمنی بەڕێوەبچێت.

به‌پێی میدیاكانی توركیا، کۆبونەوەکە لە کۆشکی دۆلمەباخچە لە شاری ئیسته‌نبوڵ بەڕێوەدەچێت و وەزیرانیی دەرەوەو بەرگری و ناوخۆ و سەرۆک وەزیرانی تورکیا و بەرپرسی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی ئه‌و وڵاته‌ ئامادەی دەبن.