ئێران داواى ڕونكردنه‌وه‌ى به‌په‌له‌ له‌پاكستان ده‌كات

جیهان
278 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بۆكس ھەواڵ ـ 

به‌رپرسێكى ئێرانى زانیاریى نوێى له‌باره‌ى هێرشه‌كه‌ى پاكستان بۆسه‌ر وڵاته‌كه‌ى ئاشكراكردو ڕایگه‌یاند، حه‌وت كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، به‌ڵام ئێرانى نین، ڕۆیته‌رزیش ده‌ڵێت:"ئێران به‌فه‌رمى داواى ڕونكردنه‌وه‌ى به‌په‌له‌ له‌پاكستان ده‌كات سه‌باره‌ت به‌و هێرشانه‌".

عەلی ڕەزا مەرحەمەتی یاریدەدەری ئەمنی پارێزگاری سیستان‌و بەلوچستان بەئاژانسی فەرمی ئێرانی وتوە، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەنگی تەقینەوەکان بیستراوەو لەو هێرشانەدا سێ ئافرەت‌و چوار منداڵ گیانیان لەدەستداوە، به‌ڵام ئێرانی نین ئه‌وكه‌سانه‌".

ئه‌و به‌رپرسه‌ ئێرانیه‌ زانیاریی زیاتر له‌باره‌ى ناسنامه‌ى ئه‌وكه‌سانه‌وه‌ ئاشكرانه‌كردوه‌ كه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

مەرحەمەتی ئاشکراشیکردوە، هەر لەنزیک شارۆچکەی سەراوان، تەقینەوەیەکی دیکە ڕویداوە، بەڵام زیانی نەبوە.

به‌گوێره‌ى هه‌واڵێكى ئاژانسى ڕۆیته‌رز، كۆمارى ئیسلامى ئێران دواى هێرشه‌كان، داواى ڕونكردنه‌وه‌ى به‌په‌له‌ى له‌پاكستان كردوه‌ سه‌باره‌ت به‌هێرشه‌كانى ئه‌مڕۆى.

سەر لەبەیانی ئەمڕۆ دەزگای هەواڵگری پاکستان ڕایگەیاند، سوپای پاکستان لەناو خاکی ئێران بارەگای چەند گروپێکی چەکدارییان موشەکباران کردوە، ئەمەش وەک وەڵامێک بوە بۆ ئەو هێرشە موشەکیانەی سوپای پاسداران، کە شەوی 16ی ئەم مانگە کردویانەتە سەر خاکی پاکستان لەهەرێمی بەلوچستانی ئەو وڵاتەو بەهۆیەوە دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا.