کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی ئەمریکی بەهۆی جەنگی ئێرانەوە مایەپووچبونی خۆی ڕاگەیاند

ئابوری

بۆکس میدیاــــــ

كۆمپانیای سپیریت ئێرلاینز (Spirit Airlines)ـی ئەمریكی، دوای زیاتر لە سێ دەیە كاردن كە پشتی بە نرخە داشکێندراوەکان دەبەست بۆ کێبڕکێکردن لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکان، بەیانی ڕۆژی شەممە بۆ دواجار بزوێنەرەکانی کوژاندەوە و مایەپوچبونی ڕاگەیاند، ئەوەش بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنی فڕۆکە کە بەشێکی دەگەڕایەوە بۆ جەنگی ئێران.

ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی لەزاری بەرپرسانی کۆمپانیاکەوە بڵاویكردەوە، هێڵە ئاسمانییەکە – کە پێشتر ڕۆژانە سەدان گەشتی بە فڕۆکە زەردە گەشاوەکانی ئەنجام دەدا و زیاتر لە 17 هەزار کارمەندی هەبو – کارەکانی "دەستبەجێ" ڕادەگرێت، ئەمەش دوای ئەوەی نەیتوانی هاوکارییەکی دارایی (Bailout) بە بڕی 500 ملیۆن دۆلار لە حکومەتی فیدراڵی بەدەستبهێنێت.

بەپێی ماڵپەڕی FlightAware، نزیکەی 277 گەشتی سپیریت کە بۆ ڕۆژی شەممە بڕیاردرابون هەڵوەشێنراونەتەوە، کە زۆربەیان لە ناوچەی باشوری ڕۆژهەڵات بون. هەمو گەشتەکانی تری داهاتوش هەڵوەشێنراونەتەوە و خزمەتگوزاری کڕیاران چیتر بەردەست نییە.

سپیریت ئامۆژگاری کڕیارانی کردوە کە دەتوانن چاوەڕوانی گەڕاندنەوەی پارەکانیان بن، بەڵام پلانی هەیە یارمەتییان بدات بۆ بڕینی تکت لە گەشتەکانی تری هێڵە ئاسمانییەکان.

سپیریت لە سەرەتای ساڵانی شەستەکان وەک کۆمپانیایەکی بارهەڵگر لە میشیگان دەستی پێکرد. لە ساڵی 1992 دەستی بە گەشتە چارته‌ره‌كان کرد و ناوی گۆڕدرا بۆ سپیریت ئێرلاینز. کۆمپانیاکە بە فڕۆکە زەردە گەشاوەکانی و کورسییە زۆر هەرزانەکانی دەناسراویەوە.

ئیدارەی ترەمپ بیری لە هاوکارییەکی دارایی حکومی (Bailout) کردەوە بۆ ئەو کۆمپانیایەی کە توشی تەنگژەی دارایی بوە، بەڵام هیچ ڕێککەوتنێک بەدەست نەهات. شان دەفی وەزیری گواستنەوەش ڕایگەیاندوە، "زۆربەی کاتەکان نیو ملیار دۆلارمان بە زیادە لەبەر دەستدا نییە کە ئاوا خەرجی بکەین".

بەگوێرەی ڕۆژنامە ئەمریكیەكە، ترەمپ هەفتەی ڕابردو ئەم بیرۆکەیەی خستەڕو، دوای ئەوەی کۆمپانیاکە بۆ دوەم جار لە ماوەی کەمتر لە دو ساڵدا دەستی بە ڕێکارەکانی مایەپوچبون کرد؛ ئەمەش بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنی فڕۆکە کە بەشێکی دەگەڕایەوە بۆ ململانێکانی ئێران.

ئەم کۆمپانیایە دوای ساڵی 2020 و بەهۆی پەتای کۆرۆنا و کەمبونەوەی گەشتەکان، توشی کێشەی زۆر بو و نەیتوانی قازانج بکات. هەروەها ئارەزوی گەشتیاران بۆ گەشتکردن لەگەڵ سپیریت کەمی کردبو، بەجۆرێک لە شوباتی ڕابردودا 1.7 ملیۆن گەشتیاری گواستوەتەوە، کە نیو ملیۆن کەس کەمتر بوە بەراورد بە شوباتی 2025.