گەڵف کیستۆن کارەکانی لە کێڵگەی نەوتی شێخان راگرت

ئابوری

بۆکس میدیاـــــــــ

کۆمپانیای گەڵف کیستۆن پترۆلیۆم (Gulf Keystone)، ئەمڕۆ دووشەممە، ڕاگرتنی کارەکانی بەرهەمهێنانی نەوتی لە کێڵگەی شێخان بەشێوەیەکی کاتی ڕاگەیاند و هۆکارەکەشی بۆ پەرەسەندنەکانی ڕەوشی ئەمنیی ناوچەکە گەڕاندەوە.

 کۆمپانیاکە کە یەکێکە لە کۆمپانیا بیانییەکانی بواری بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: "وەک ڕێکارێکی سەلامەتی بەشێوەیەکی کاتی کارەکانی بەرهەمهێنانمان ڕاگرتووە و ئەم هەنگاوەشمان هاوشێوەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی دیکەی نەوتە کە لە ناوچەکەدا کاردەکەن."

 هاوکات جەختی لەوە کردووەتەوە کە دامەزراوە و سامانەکانی کۆمپانیاکە هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە و پێش دەرکردنی ئەم بڕیارەش، کۆی ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی شێخان زیاتر بووە لە 45 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.

 لە کۆتاییشدا کۆمپانیاکە ڕوونیکردووەتەوە کە بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکەن و لە کاتی گونجاودا پێشهاتی نوێ بڵاودەکەنەوە.