کۆمپانیای DNO: بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بە رێژەی 99٪ دابەزیوە

ئابوری

بۆکس میدیاــــــــ

کۆمپانیای نەوتی دی ئێن ئۆ (DNO)ی نەرویجی ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی وەستانی پڕۆسەکانی دەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی کۆمپانیاکە لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و هیچ بڕە نەوتێکیش لە هەرێمەوە نەفرۆشراوە.

 بەپێی ڕاپۆرتێکی کۆمپانیاکە، تێکڕای بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی دی ئێن ئۆ لە چارەکی دووەمدا بۆ 88 هەزار و 431 بەرمیل نەوت دابەزیوە، لە کاتێکدا لە چارەکی یەکەمدا 131 هەزار و 671 بەرمیل بووە. هۆکاری سەرەکی ئەم دابەزینەش ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ وەستانی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان، کە تیایدا ئاستی بەرهەمهێنان لە 39 هەزار و 600 بەرمیلەوە بۆ تەنها 273 بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمیکردووە، ئەمەش دەکاتە رێژەی99.9٪.

 هەروەها لە هەمان چارەکی ساڵی ڕابردوودا، کۆی گشتی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە 92 هەزار و 592 بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا،لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە دەریای باکوور نرخی نەوتی فرۆشراو لە 87 دۆلارەوە بۆ 115 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەتەوە.

هاوکات کۆمپانیاکە ئاشکرایکردووە، پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی تاوکێ لە 28ـی حوزەیران و لە کێڵگەی پێشخابوور لە 11ـی تەمموز دەستیپێکردووەتەوە، و بڕیارە لە 13ـی ئابیشدا ڕاپۆرتی دارایی قۆناغیی خۆی بڵاوبکاتەوە.