نرخی نەوتی عێراق لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوەوە

ئابوری

بۆکس میدیاــــــــ

ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخەکانی نەوتی عێراق لە کاتی مامەڵە ڕۆژانەکانی بازاڕی جیهانیدا بەرزبونەوەیەکی بەرچاویان بەخۆوە بینی و نەوتی خاوی مامناوەندی بەسرە گەیشتە 55.22 دۆلار. لەكاتێكدا نرخی نەوتی خامی برێنتی بریتانی گەیشتوەتە 78.29 دۆلار.

بەپێی دوایین داتاکان، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی مامناوەندی بەسرە گەیشتە 55.22 دۆلار، هەروەها نەوتی خاوی قورسی بەسرە بە 53.32 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکرا؛ بەمەش هەردو جۆرەکە بە ڕێژەی 1.57% نرخەکانیان بەرزبوەتەوە.

لە بەرامبەردا، نرخەکانی نەوت لەسەر ئاستی جیهان دابەزینێکی کەمیان بەخۆوە بینی؛ نرخی نەوتی خاوی برێنتی بریتانی گەیشتە 78.29 دۆلار و نەوتی خامی تەکساسی ئەمریکی بە 74.22 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەكرا، کە بە ڕێژەی 0.64% بۆ 0.85% نرخەکانیان دابەزیوە.

ئەوە لەكاتێكدایە ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" ئاماژەی بەوەکردوە کە ئەمریکا و ئێران و بەنێوەندگیری عومان نزیکن لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کاتی بۆ دوبارە کردنەوەی گەروی هورمز، ئەوەش نرخی نەوت دادەگرێت و بازار جێگیردەكات، لەكاتیكدا ئێستا عێراق نەوتەكەی بە كەمتر لە نرخی جیهانی دەفرۆشێت.