عێراق چاپکردنی پارە ڕەتدەکاتەوە
ئابوری
بۆکس میدیاـــــــــ
ڕاوێژکارێکی عەلی زەیدی ڕایگەیاند، عێراق پلانێکی سێ خاڵی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانی پارەی کاش پەیڕەو دەکات و چاپکردنی دراو ڕەتدەکاتەوە، هەروەها یەدەگی دراوی بیانی و زێڕەکانی عێراق وڵات دەپارێزێت.
مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە لێدوانێکیدا بۆ میدیا عێراقییەکان ئاماژەی بە تێپەڕاندنی کێشەی نەبوونی نەختینە و ڕێگاچارەسەرەکانی حکومەتی عێراق دا.
ئەو ڕاوێژکارە جەختیکردەوە کە بژاردەی “چاپکردنی پارە” لە ئێستادا لە ئارادا نییە، چونکە بەپێی یاسای بانکی ناوەندیی ژمارە ٥٦ـی ساڵی ٢۰۰٤ قەدەغەیە و مەترسیی گەورەی هەڵاوسان دروست دەکات کە بەهای دینار لاواز دەکات و دووپاتیشیکردەوە کە عێراق خاوەنی ٩٧ ملیار دۆلار یەدەگی بیانی و نزیکەی ١٣٠ تۆن زێڕە کە وڵات دەپارێزن.
ناوبراو ڕاشیگەیاند، پلانە سێ خاڵییەکەی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی خۆی دەبینێتەوە لە، ڕێکخستنەوەی لەپێشینەیی خەرجییە گشتییەکان و دواخستنی پڕۆژە ناپێویستەکان و کۆنتڕۆڵکردنی خەرجییە بەکاربەرییەکان، لەگەڵ پشتبەستن به قەرزی ناوخۆیی و بەرزکردنەوەی ئاستی داهاتە نانەوتییەکان.
ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە دا کە ئامانجی ستراتیژیی حکومەت بریتییە لە بەرزکردنەوەی ڕێژەی داهاتی نانەوتی لە نزیکەی ١٠٪ـوە بۆ ٤٥٪، ئەمەش لە پێناو هەمەجۆرکردنی ئابووری و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە داهاتی نەوت کە ئێستا زیاتر لە ٩٠٪ پێکهاتووە.