بانکی ناوەندیی عێراق: نرخی نوێی دۆلار به‌رامبه‌ر به‌دینار له‌ ئه‌مڕۆوه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت

عێراق

بۆکس میدیاـــــــــ

بانکی ناوەندی عێراق ئەمڕۆ رایگه‌یاند، په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی نوێ له‌ فرۆشتنی دۆلار له‌ ئه‌مڕۆوه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت و نرخی یه‌ك دۆلار بۆ هاوڵاتیان 1520 دینار ده‌بێت.

به‌پێی نوسراوێك كه‌ واژۆی د. حه‌مید نه‌عیم، ئه‌منیداری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقی له‌سه‌ره‌، تیایدا هاتوه‌، "ئاماژە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران کە لە دانیشتنی ژمارە (22) لە بەرواری ٦6ی تشرینی یەکەمی 2026 دەرچوە، هەموارکردنی بەهای ئاڵوگۆڕی دیناری عێراقی بەرانبەر دۆلاری ئەمریکی له‌خۆده‌گرێت بە شێوازێک کە پێویستییە دارایی، ئابوری و نەخشییە پەیوەندیدارەکان پڕبکاتەوە".

ئەوەشی خستەڕو، "پشت بە حوکمەکانی یاسای بانکی ناوەندیی عێراقی ژمارە 56ی ساڵی 2004ی هەموارکراو، بڕیاردرا بە پەیڕەوکردنی بەهای ئاڵوگۆڕ بەم شێوەیەی خوارەوە:

1. نرخی کڕینی دۆلاری ئەمریکی لە وەزارەتی دارایی: (1500) دینار بۆ هەر دۆلارێک.
2. نرخی فرۆشتنی دۆلاری ئەمریکی بە بانکەکان: (1510) دینار بۆ هەر دۆلارێک.

3. نرخی فرۆشتنی دۆلاری ئەمریکی بە هاوڵاتیان: (1520) دینار بۆ هەر دۆلارێک.

بانکی ناوەندی عێراق ده‌ڵێت، داوا لە سەرجەم دەزگاکان ده‌كات کە كار به‌ نرخە نوێکانی سەرەوە لە مامەڵەکانیاندا و پێویستە بۆ نوێکردنەوەی سیستمە بانکی و داراییەکان و کەناڵەکانی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکان هەنگاو بنێن، هەروەها لقی و یەکە تایبەتمەندەکان ئاگادار بکەنەوە بۆ کارکردن پێیان و پێویستە کارکردن بە نرخە کۆنەکە ڕابگیرێت و نرخی نوێ لە سەرەتای دەستپێکردنی ڕۆژی کارکردنەوە پەیڕەو بکرێت.

لە ڕەشنوسی بودجەی ساڵی 2027دا، بەهای دۆلار بە فەرمی بەرزکراوەتەوە و 100 دۆلاری ئەمریکی بە 150,000 دیناری عێراقی (واتا 1 دۆلار بەرامبەر 1500 دینار) جێگیرکراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر نرخی فەرمی 1320 دینار بو.

وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریانداوە کە نرخی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی بە 1500 دینار بێت، نرخ بۆ بانکەکان 1510 دینار و بۆ مستەفیدی کۆتایی (هاوڵاتیان و بازرگانان) بە 1520 دینار بۆ هەر دۆلارێک بێت.

بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانە و ترسی بازاڕ، بەهای دینار لە بازاڕە ناوخۆییەکان و بۆرسەکاندا زیاتر دابەزیوە، بە شێوەیەک کە نرخی 100 دۆلار لە بازاڕی ئازاددا گەیشتوەتە نێوان 160,000 بۆ 163,000 دیناری عێراقی.