بانکی ناوەندی ڕێنمایی نوێی بۆ حەواڵەی بازرگانان دەرکرد
عێراق
بۆکس میدیاــــــــــ
بانکی ناوەندیی عێراق، داوای لە بازرگانان کرد بۆ دڵنیابون لە جێبەجێکردنی حەواڵەکانیان سەردانی بانکەکان بکەن. بانکەکە جەختیکردوە کە نایەڵێت هیچ جیاوازییەکی نرخی دۆلار بخرێتە ئەستۆی بازرگانان بۆ ئەو حەواڵانەی پێش 7ی (تشرینی یەکەم/10) ئەنجامدراون.
بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند کە بە وردی چاودێریی پڕۆسە بانکییەکانی پێش و دوای دەستکاریی نرخی دراو دەکات بۆ پاراستنی مافی بازرگانان و کڕیاران. بانکی ناوەندی داوا لەو کۆمپانیا و بازرگانانە دەکات کە حەواڵەی هاوردەکردنیان پێش بەرواری 7ی (تشرینی یەکەم/10)ی 2026 بوە، سەردانی بانکەکانیان بکەن بۆ دڵنیابون لە جێبەجێکردنیان، چونکە پێشتر بودجەی پێویست بۆ ئەو بانکانه دابینکراوە. هەروەها جەخت کراوەتەوە کە ڕێگە نادرێت بانکەکان جیاوازیی نرخی نوێی دۆلار لە بازرگانان وەربگرن بۆ ئەو حەواڵانەی کە بە نرخی پێشو کڕدراون.
بانکی ناوەندی ئاسانکاریی زیاتری بۆ بازرگانە بچوکەکان ڕاگەیاندوە و ئاماژەی بەوەکردوە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیاکانی پارەدانی ئەلیکتڕۆنی، کار دەکەن بۆ دەرکردنی کارتی تایبەت بە بازرگانیی دەرەکی. ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ تەمویلکردنی هاوردەکان بەپێی ئەو ڕێکارە یاساییانەی کە بانکەکە دیاریی کردون.
بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند، "لە حاڵەتی هەر دواکەوتنێک یان داواکردنی بڕە پارەی زیادە لە لایەن بانکەکانەوە، بازرگانان دەتوانن لەرێگەی سەکۆی سکاڵاکانی بانکی ناوەندی یان ئیمەیڵی فەرمییەوە پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ ئەوەی ڕێکاری پێویست بگرینە بەر".
بەرزبونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار و ناسەقامگیریی بازاڕ لە عێراق، وای کردوە کە بانکی ناوەندی چەندین جار ڕێنماییەکان بگۆڕێت. گۆڕانکاریی نرخی فەرمیی دۆلار لە 1320 بۆ 1500 دینار كە هەفتەی رابردو چوە بواری جێبەجێكردنەوە، کاریگەریی گەورەی لەسەر بازرگانان دروستکردوە، بۆیە بانکی ناوەندی هەوڵدەدات لەرێگەی سیستەمی ئەلیکتڕۆنی و چاودێریی توندەوە کۆنتڕۆڵی بازاڕ و حەواڵەکان بکات.