عێراق پلانی ئامادەکردنی کادری پسپۆڕی ئەتۆمیی لەزانکۆکاندا دەخاتە بواری جێبەجێکردن

عێراق

بۆکس میدیاـــــــــ

دەستەی وزەی ئەتۆمیی عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕێککەوتنێکی هاوبەشی واژۆکردوە بۆ ئامادەکردنی کادری پسپۆڕی ئەتۆمیی لەزانکۆکاندا.

ئەم هەنگاوەش ئامانجی پشتگیریکردنی بەکارهێنانی وزەی ئەتۆمییە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبای ئەتۆمی‌و شیرینکردنەوەی ئاو.

سەنا زەجراوی سەرۆکی دەستەی وزەی ئەتۆمیی عێراق بەئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ی وتوه‌، "ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی داوای ئامادەکردنی کادرە زانستییەکانی کردوە کە پڕۆژە ئەتۆمییە ئاشتییانەکانی عێراق پێویستیان پێیەتی".

ئاماژەی بەوەشکردوە، بڕیاروایە بەڕێوەبردنی ئەم پڕۆژەیە بەهاوبەشی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی‌و دەستەی وزەی ئەتۆمیی عێراقەوە بێت.

زەجراوی ڕونیکردوه‌تەوە، ئەم هەنگاوە دوای داواکاریی دەزگاکە لەوەزارەتی خوێندنی باڵا هاتوە بۆ کردنەوەی بەشە پسپۆڕییەکانی فیزیای ئەتۆمیی لەزانکۆ عێراقییەکان، بەمەبەستی پەرەپێدانی بەکارهێنانی ئاشتییانەی وزەی ئەتۆمیی لەبەرهەمهێنانی کارەبا، شیرینکردنەوەی ئاوو بوارەکانی دیکەدا.