شار و فراوانبوون

جەمال حسێن

پۆپۆلیستی و گوتنەوەی گوتراو و دوبارەکردنەوەی و شێرکردنەوەی تا دەگاتە دەنگە دەنگ، خەسڵەتی سەرەکی ئێستای کۆمەڵگایە. بەشێکی ئەم دۆخە پەیوەندی بەدۆخی گشتی جیهانیی و تەکنەلۆجیای پەیوەندییەوە هەیە. بەشەکەی تریشی بۆ دۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی ناوخۆی خودی کۆمەڵگای ئێمە دەگەڕێتەوە. لەژێر زەبری ئەم دوو راستییە لەچەند ساڵی ڕابردو چەندین بابەتمان بینی کەبونە بابەتی گشتی بێ ئەوەی ڕاستبن یان شایەنی ئەوەبن.

بێگومان بەتەنیشت ئەوانیشەوە چەندین بابەتی تری جدی وروژێنران کەشایەنی ئەو هەڵوێست و زەقکردنەوەیە بون ئەگەر ئەنجامێکی ئەوتۆشیان نەبونێ. لەئێستاشدا بابەتی دروستکردنی ڕێگا و پرۆژەی نیشتەجێبون لە شاخێکی گۆیژە، لەبابەتێکی ئابوری و ئاوادەنکردنەوەی پەیوەندار بە وەبەرهێنان و جوانترکردنی شار، بوە بە پرسێکی کۆمەڵایەتی و واوێناکراوە کەناکۆکە بە ژینگە و یادەوەری گشتی و بەستراوەتەوە بەوەی گوایە ویستێک هەیە بۆ شێواندنی سیمای سلێمانی.

لەکاتێکدا دەشێ رێک بەپێچەوانەوە تەواوبونی ئەم پرۆژەیە، جگەلەوەی بەهۆی پانتایی سەوزایی و ئاوەدانبونەوەی ناوچەکە، کاریگەری باشتری هەبێ بەسەر ژینگە. بەشێکبێ لەسروشتی فراوانبون و گەرەبونی هەرشارێک. چونکە ئەوکاتە ئەو شاخەی گۆیژە لەشاخێکی روتەنی وشکەوە دەگۆڕێ بۆ ناوچەیەکی گەشتیاری و ئاوەدان. لەهەمانکاتدا ئەم ناوچەیە دەبێتە لۆگۆ و سیمایەکی هەرەجوانی سلێمانی کەبەهۆی تۆبۆگرافیاکەی و شێوەی ئەندازیاری پرۆژەکە لەناوچەکەبێ وێنەدەبێ. 

ئەوە جگە لەرەهەندە ئابورییەکانی بۆ ژێرخان و رەخساندنی دەرفەتی کاری زیاتر. بۆیە ئەم پرۆژەیە لەهەموو دیوێکیەوە بەشێکە لەفراوانبون و گەشەکردنی شار.