عێراق بۆ مێژوو رووبەڕووی فەرەنسا دەبێتەوە و دوو کورد سەرەکی دەبن

وەرزش

بۆکس میدیاـــــــ

هەڵبژاردەی عێراق بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بەرامبەر فەرەنسا یاریی دەکات و بەدوای ئەنجامدانی سوپرایزێکدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی قەرەبووی دۆڕانی یاریی رابردووی بکاتەوە.

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە کاژێر 00:00 لە دووەم یارییدا لەمۆندیالدا، عێراق بەرامبەر یەکێک لە بەهێزترین و باشترین تیپەکانی ئێستای جیهان یاریی دەکات، کە خاوەنی کیلیان ئێمباپێ، عوسمان دێمبێلێ و مایکل ئۆلیسێیە و تیپێکی پڕە لەئەستێرەی نێودار و دیار.

هەڵبژاردەکە لە یاریی یەکەمیدا بەرامبەر نەرویج چوار گۆڵیلێکرا و دۆڕا، رۆژی یەکشەممە دوایین مەشق وئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکە لە فێلادێلفیا ئەنجامدا و ئەمشەو لە ئەزموونێکی نوێ و گەورەدا خۆی تاقیدەکاتەوە.

چاوەڕواندەکرێت هاوشێوەی یاریی رابردوو گراهام ئارنۆڵد بەهەمان پێکهاتەی یاریی نەرویجەوە بەرامبەر فەرەنسا یارییبکات، هەریەکە لە مێرخاس دۆسکی و ئاکام هاشم، هەردوویاریزانە کوردەکەی هەڵبژاردەکە لە پێکهاتەی سەرەکیدا یارییبکەن.

موهەنەد عەلی، پێش ئەنجامدانی ئەم یارییە هەستی بە ئازارکردووە و ئەگەری هەیە لە پلانەکانی راهێنەری عێراقدا نەبێت بۆ یارییەکە.

ئەم یارییە رووداوێکی مێژووییە؛ فەرەنسا و عێراق پێشتر لە هیچ یارییەکی فەرمی یان دۆستانەدا رووبەڕووی یەک نەبوونەتەوە.بۆ فەرەنسا، بردنەوە بە واتای مسۆگەرکردنی شوێنێک دێت لەقۆناغی داهاتوو، بەڵام بۆ عێراق، ئەمە هەلێکە بۆ راگەیاندنی گەڕانەوەیان بۆ سەر شانۆی جیهانی و بە زیندوویی هێشتنەوەی هیوای سەرکەوتن بۆ قۆناغی داهاتوو. دۆڕان لە یارییەکەشدا هەلی ئەوان زۆر لاواز دەکات و زیاتر لە کرانە دەرەوە نزیکیاندەکاتەوە.

هەڵبژاردەی فەرەنسا، بە سەرکردایەتیی کیلیان ئێمباپێ ئامادەیە بۆ رکابەریکردنی هەڵبژاردەی عێراق و بەدەستهێنانیسێ خاڵی دیکە، لەپێناو گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی مۆندیال.

فەرەنسا، لە یاریی یەکەمیدا سەرکەوتنی بەرامبەر سەنیگال بەدەستهێنا و لەو یارییەدا کیلیان ئێمباپێ دوو گۆڵی تۆمارکرد،تیپەکە بە هەموو ئەستێرەکانییەوە بۆ ئەم یارییە ئامادەیە ودەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات، بۆ ئەوەی راستەوخۆخۆی بگەیێنێتە قۆناخی داهاتووی مۆندیال.

هەڵبژاردەکە لە فێلادێلفیا دوایین ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکەئەنجامدا، ئەمشەو لە یاریگای لینکۆڵن فینانشاڵ فیڵد بەرامبەر عێراق دووەم یارییان ئەنجامدەدەن.

تیپەکە بە یەکێک لە بەهێزترین بەربژێرەکانی مۆندیال دادەنرێن،هەمووان چاوەڕێی ئاستی فەرەنسا دەکەن کاتێک بەرامبەر عێراق یاریی دەکەن، هاندەرانی عێراق ترسی زۆریان لەرووبەڕووبوونەوەی ئێمباپێ هەیە و زۆرن ئەوانەی پێیانوایە فەرەنسا دەتوانێت بە ئەنجامێکی گەورە سەرکەوتن بەرامبەرعێراق بەدەستبهێنێت.