بۆ باسکردن لە لێکتێگەیشتنەکان، پزشکیان لەگەڵ پوتن کۆدەبێتەوە
جیهان
بۆکس میدیاـــــــــ
مەسعود پزشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی روسیا دەکات بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوە لەگەڵ هاوتا ڕوسییەکەی ڤلادیمر پوتن، ئەوەش لە چوارچێوەی بەهێزکردنی پەیوەندییە دوقۆلییەکان و هەماهەنگی لەسەر دۆسیە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا.
مەسعود پزیشکیان پێشتر لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا، لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ تاران لە ١٩ی ئەم مانگە، رێگاکانی خێراکردنی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانەی تاوتوێ کردبو کە لە نێوان هەردو وڵاتدا واژۆکراون، بە جەختکردنەسەر بوارەکانی وزە، گواستنەوە و بازرگانی، بەپێی ئەوەی ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی کردوەتەوە.
سەرۆک كۆماری ئێران لە کاتی کۆبونەوەکەدا جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگیی سیاسی و دیپلۆماسی لە نێوان تاران و مۆسکۆدا کردەوە و هیوای خواست سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ ڕوسیا ببێتە هۆی گۆڕینی ڕێککەوتنە هەنوکەیییەکان بۆ هەنگاوی کرداری و ئەنجامی بەرجەستە.
لایخۆیەوە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای کۆبونەوەکانی لەگەڵ لاڤرۆڤ رایگەیاند، هەردو وڵات باسیان لە بابەتی هەرێمی و نێودەوڵەتی کردوە، لەوانەش پەرەسەندنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ فراوانکردنی هاوکارییە ئابووری و ئەتۆمییەکان.
سەردانەکەی سەرۆکی ئێران لە کاتێکدایە کە تاران و مۆسکۆ هەوڵی بەهێزکردنی هاوبەشییە سیاسی و ئابورییەکانیان دەدەن لە سایەی فشارە رۆژئاواییەکان و ئاڵۆزییە هەرێمییەکاندا، لە ناو هەوڵەکان بۆ گۆڕینی ئەو ڕێککەوتنانەی لە نێوان هەردو وڵاتدا واژۆ کراون بۆ پڕۆژەی جێبەجێکراو.
پزشکیان و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕوسیا لە مانگی کانونی دوەمی 2025 لە مۆسکۆ پەیماننامەیەکی هاوبەشی ستراتیژیی گشتگیرانەیان واژۆکرد کە ماوەکەی 20 ساڵە و بوارەکانی بەرگری، ئاسایش، انرژی، بازرگانی و گواستنەوە دەگرێتەوە، لەگەڵ هەماهەنگیکردنی هەڵوێستەکان لە دۆسیە نێودەوڵەتییەکاندا.
پەیماننامەکە لە (تشرینی یەکەم/10)ی هەمان ساڵدا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بەپێی رۆیتەرز هیچ پابەندبونێکی تێدا نییە بۆ بەرگریی سەربازیی هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
لە نوێترین وێستگەکانی نزیکبونەوەدا، پزیشکیان لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ تاران لە 19ی ئەم مانگە خێراکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە دوقۆلییەکانی تاوتوێ کرد، لەگەڵ پێدانی لەپێشینە بە پڕۆژەکانی وزە، گواستنەوە، بازرگانی و بەرهەمهێنانی کارەبا. سەرۆکی ئێران هیوای خواست کە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ مۆسکۆ بەشداربێت لە بەدیهێنانی ئەنجامی بەرجەستە، نەک تەنها قایلبوون بە لێکتێگەیشتنی سیاسی.
چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆکانی پزشکیان و پوتن دەرفەتێک بڕەخسێنن بۆ بەدواداچونی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان و فراوانکردنی هاوکارییە ئابورییەکان، لەگەڵ تاوتوێکردنی پەرەسەندنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان. بەڵام قەبارەی ئەنجامە کردارییەکان وەک خۆی دەمێنێتەوە بەستراوە بە توانای هەردوو لایەن بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانەی کە ڕوبەڕوی پڕۆژە هاوبەشەکان دەبنەوە و گۆڕینی نزیکبونەوەی سیاسی بۆ هەنگاوی جێبەجێکاریی ڕون.