پەتای وەرزی لەناو منداڵان زۆر زیادیکردووە

تەندروستی

بۆکس هەواڵ ــــــ

پزیشکێکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان دەڵێت، تووشبوون بە پەتا وەرزییەکان رووی لە بەرزبوونەوە کردووە و ماوەی مانەوەی نیشانەکانیش زیاتربووە.

د. بەختیارقادر پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ئاشکرایە لەگەڵ هاتنی وەرزی پایز و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا ڤایرۆسەکان چالاکدەبن و پەتا وەرزییەکان بڵاودەبنەوە، بۆیە زیادبوونی تووشبوون بە پەتاوەرزییەکان و زیادبوونی سەردانیکردنی نەخۆشخانەکان بە تایبەت منداڵان حاڵەتێکی ئاساییە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ڤایرۆسەکان چەند جۆرێکن، خۆیان نوێدەکەنەوە، نیشانەکانی تووشبوونیشیان جیاوازە، هەیانە سكچوون و رشانەوەی لەگەڵدایە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە و هەوکردنی کۆئەندامی هەناسە بەشێکی دیکەن لە نیشانەکان.

باسیلەوەشکرد، بەشێک لە تووشبووەکان ئەمساڵ بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک نیشانەکانیان تێدادەمێنێتەوە، ئەمەش وا لە دایکان و باوکان دەکات کە دەرمانی زیاد لە پێویست بە تایبەت ئەنتیبایۆتیک بەکاربهێنن بۆ منداڵەکانیان، کە نەک سوودی نییە بەڵکو زیانیشی هەیە.

ئەو پزیشکە جەختیکردەوە، لەکاتی تووشبوون بە پەتا وەرزییەکان، مانەوە لەماڵەوە و وەرگرتنی پشوو و خواردنی شلەمەنین باشترین هەنگاون بگیرێنەبەر بۆ زوو تێپەڕاندنی ئەو دۆخە.