خامنه‌یی فه‌رمانی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خێرا و بێ سنور ده‌رده‌كات

جیهان

بۆکس میدیاــــــــــ

موجته‌با خامنه‌یی ڕێبه‌ری باڵای ئێران له‌ كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان ڕایگه‌یاند، فه‌رمانی به‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان كردوه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ده‌ستبه‌جێ و بێ هیچ سنورداركردنێكی جوگرافی وه‌ڵامی هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بده‌نه‌وه‌، هاوكات ڕێگری له‌ هه‌ر ده‌ستدرێژییه‌كی سه‌ربازی بۆ سه‌ر خاكی وڵاته‌كه‌یان بكه‌ن.

موجته‌با خامنه‌یی وتیشی، وه‌ڵامدانه‌وه‌ی سه‌ربازی ده‌بێت زۆر كاریگه‌ر و به‌رفراوان بێت بۆ دروستكردنی به‌رزترین ئاستی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌، به‌ جۆرێك كه‌ هیچ كۆتوبه‌ندێك له‌به‌رده‌م فه‌رمانده‌ مه‌یدانییه‌كاندا نه‌مێنێته‌وه‌ له‌ كاتی ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كاندا له‌ ته‌واوی ناوچه‌كه‌دا.

وتیشی، "كات و مه‌رجه‌كانی كۆتاییهێنان به‌ هه‌ر شه‌ڕێكی سه‌ربازی له‌ ناوچه‌كه‌دا، ته‌نیا له‌لایه‌ن سوپا و گه‌لی ئێرانه‌وه‌ دیاریده‌كرێت، هه‌روه‌ها ڕێگه‌ به‌ هیچ لایه‌نێكی بیانی ناده‌ن چاره‌نوس و سنوری ململانێكان به‌سه‌ر تاراندا بسه‌پێنێت له‌ داهاتودا".

به‌وته‌ی موجته‌با خامنه‌یی، "بڕیاریداوه‌ بانكی ئامانجه‌ ستراتیژییه‌كان نوێ بكاته‌وه‌، تاوه‌كو سه‌رجه‌م بنكه‌ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا و ئیسرائیل له‌ ناوچه‌كه‌دا بكه‌ونه‌ ژێر چاودێریی موشه‌كیی ورد، به‌ مه‌به‌ستی به‌ ئامانجگرتنی ڕاسته‌وخۆیان له‌ كاتی سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ر پێكدادانێكی چه‌كداریدا".

موجته‌با خامنه‌یی ڕاشیگه‌یاندوه‌، "ئێمه‌ فه‌رمانمان به‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان كردوه‌ كه‌ ده‌ستبه‌جێ و بێ سنور وه‌ڵامی هه‌ڕه‌شه‌كان بده‌نه‌وه‌، چونكه‌ گه‌ل و سوپای ئێران مه‌رجه‌كانی كۆتاییهاتنی هه‌ر ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌یه‌ك له‌ ناوچه‌كه‌دا یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ ته‌واوی".

گرژییه‌ سه‌ربازییه‌كانی نێوان ئێران له‌ لایه‌ك و ئه‌مریكا و ئیسرائیل له‌ لایه‌كی دیكه‌، له‌ ماوه‌ی ڕابردودا گه‌یشتوه‌ته‌ به‌رزترین ئاست، ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ چاودێران به‌رده‌وام هۆشداریبده‌ن له‌باره‌ی مه‌ترسیی ته‌قینه‌وه‌ی شه‌ڕێكی هه‌رێمیی گشتگیر له‌ ته‌واوی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.