وەزارەتی دارایی ڕێنمایی نوێ بۆ پڕکردنەوەی شوێنی وانەبێژان و کارمەندان دەردەکات
کوردستان
بۆکس میدیاـــــــــ
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی ئامادەکاری بۆ دەرکردنی ڕێنمایی تایبەت بە پڕکردنەوەی شوێنی ئەو وانەبێژ و کارمەندانە دەکات کە خزمەتیان کۆتایی هاتووە.
⠀
ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی 10ـی 2026، وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی ئەنجومەنی وەزیراندایە بۆ پڕکردنەوەی شوێنی ئەو کەسانەی پێشتر بە گرێبەست دامەزراون و بەهۆی خانەنشینبوون یان دەستلەکارکێشانەوە و هەر هۆکارێکی دیکەوە شوێنەکانیان بەتاڵ بووە.
⠀
سەبارەت بە وردەکاریی پرۆسەکە لیژنەی باڵای ڕێنماییەکان لە وەزارەتی دارایی جەختی لەوە کردەوە کە پڕکردنەوەی شوێنەکان بەپێی مەرج و پێوەری تایبەتمەند دەبێت و هیچ جۆرە واستەکارییەک لە پرۆسەکەدا ناکرێت.
⠀
بەپێی زانیارییەکان، نزیکەی چوار هەزار هەلی نوێ بۆ ئەو کەسانە دەڕەخسێندرێت کە تاوەکو ئێستا چانسی دامەزراندنیان نەبووە لە وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، و هاوکات مووچەی سەرجەم گرێبەستەکانی پێشوو لەسەر داهاتی ناوخۆوە دەگوازرێتەوە سەر ئەستۆی حکومەتی عێراق.