وەزیری دارایی عێراق سکاڵا لە دژی ئیمتیازێکی زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان تۆمار دەکات

کوردستان

بۆکس میدیاـــــــــ

وەزیری دارایی عێراق لە دادگای فیدراڵی سکاڵا لە دژی هەموارى یاسایەک تۆمار دەکات، کە بڕگەیەکی تایبەتە بەئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان.

سکاڵاکەی فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە، تێیدا داوا دەکات مادەیەک و دوو بڕگەی هەمواری یاسای دامەزراوەی زیندانیانی سیاسیی عێراق هەڵبوەشێنرێتەوە بەپاساوی ئەوەی نادەستوورییە.

یەکێک لەو بڕگانەی یاساکە کە تانەی لێدراوە ئاماژە بەوەدەکات، رێکارەکانی ئەو یاسایە زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، بەڵام نابێت سوودمەندانی زیاتر لەشایستە و ئیمتیازێک وەربگرن، هەروەها وەزارەتی دارایی هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆجێبەجێکردنی ئەو بڕگەیە.

ئەم هەموارە لە ساڵی 2025 لە پەرلەمانی عێراق کرا و یەکێک لە گۆڕانکارییەکان ئەوە بووە، کە زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان ئیمتیازاتی دامەزراوەی شەهیدانی عێراق بیانگرێتەوە،بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو بڕگەیە بەپاساوی نەبوونی پارە جێبەجێنەکراوە.
 
بەگوێرەی یاسای دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی، مووچەی زیندانیانی سیاسی سێ ئەوەندەی کەمترین مووچەی خانەنشینی دەبێت کە لە یاسای خانەنشینیی عێراق بە 400 هەزار دیناردیاری کراوە.

پێنجشەممە 29ى تشرینى یەکەمى 2026 ئەحمەد مام رەسوول، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانیانی سیاسی لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان رایگەیاند: ئەو سکاڵایەى وەزیرى دارایی عێراق بە پاساوى بارگرانى دارایییە لەسەر وەزارەتەکە و ئەوە پەیوەندارە بە زیندانیانى سیاسیى هەرێمى کوردستان لە دوایین سەردانیاندا پێیان راگەیاندووە، کە پێشتر لە یاساکە لە ساڵى2004 و دواتر لە هەموارى یەکەمى لە 2013دا ئەو بڕگەیە هەبووە و هەموارى یاساکە لە 2025 و دانانەوەى ئەو بڕگەیە بۆدووپاتکردنەوە بووە و تەنیا دەستەواژەیەک زیاد کراوە کەوەزارەتى دارایی فیدڕاڵى بۆ ئەو پرسە هاوئاهەنگى لەگەڵ هەرێمى کوردستان بکات.

دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق 29ى تشرینى یەکەمى دیاریکردووە بۆ یەکەم دانیشتنى تایبەت بەو سکاڵایە.