ئیدارەی خۆسەر کۆمەڵکوژییەکانی خەڵکی سوریا سەرکۆنە دەکات

کوردستان

بۆکس هەواڵ ـــ

ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، دوابەدوای ڕووخانی ڕژێمی پاوانخوازی بەعس گەلی سوریا ئاواتەخوازە لە هەموو جۆرە توندوتیژی و کوشتار و کۆمەڵکوژییەک ڕزگاری بێت و هەوڵبدەن بەرەو ڕزگاربوون لە تایفەگەری و ڕەگەزپەرستی.

دەشڵێت، ئێمە، لە ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانانە دەکەین کە لە کەناراوەکان دژی گەلەکەمان ئەنجام دەدرێن و دووپاتی دەکەینەوە کە ئەم کارانە دەمانباتەوە بۆ سەردەمێکی تاریک کە گەلی سوریا نایەوێت دووبارەی بکاتەوە و بەردەوامی ئەم تاوانانە ڕێگری دەکات لە بنیاتنانی سوریایەکی داهاتوو، سوریایەک کە هەموو گەلەکەی لەخۆبگرێت بەبێ تائیفەگەری یان شۆڤێنیزم.

هاوکات لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، داوا دەکەین لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە بکرێت، هەروەها لیژنەکانی لێکۆڵینەوە دادپەروەرانە و شەفاف بن بۆ ئەوەی ڕاستییەکانی ئەوەی ڕوویداوە ئاشکرا بکرێت و لێپرسینەوە لە بەرپرسان بکرێت.

دەشڵێت، جارێکی تر داوا لە هەموو هێزە نیشتمانییەکانی سوریا و گەلی سوریا دەکەین کە پێکەوە کاربکەن بۆ ئەنجامدانی دیالۆگێکی نیشتمانی بنیاتنەر کە بەشداربێت لە بنیاتنانی سوریایەکی داهاتوو بۆ هەموو سوریاییەکان، چونکە تەنها بەم شێوەیە دەتوانین ڕێگا بگرین لە ئەو کەسانەی هەوڵی کوشتن و قڕکردنی سوریاییەکان دەدەن.

157 جار خوێندراوه‌ته‌وه