مەحمود عوسمان: دۆخی کورد زۆر خراپە و بە ئاشکرا شەڕی پێ دەفرۆشرێت
چاوپێکەوتن
113 جار خوێندراوهتهوه
بۆكس ھەواڵ ـ
سیاسەتمەدارێکی دیاری کورد لە بارەی هێرشە درۆنییە بەردەوامەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند " کورد توانای بەرگری نییە و حکومەتی فیدراڵیش ناتوانێت بەرگری لێبکات بۆیە دۆخی کورد زۆر خراپە و بە ئاشکرا شەڕی پێ دەفرۆشرێت، ئەوەش دەرئەنجامی یەکنەگرتوویی لایەنەکانە."
جیاواز لە هێرشە درۆنییەکانی دیکەی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر، ئەمجارەیان کاتژمێر 11:54 خولەکی شەوی 30ی 12ی 2023، بە 2 درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنوری پیرمام- هەولێر جگە لە زیانی مادی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە.
دوایی کەمتر لە 24 کاتژمێر دژە تیرۆری کوردستان بڵاوی کردەوە کاتژمێر16:54 جارێکیتر درۆنێکی بۆمبڕێژکراو ویستی فڕۆکەخانەی هەولێر بکاتە ئامانج، بەڵام لە لایەن سیستەمی بەرگریەوە لە نێوان کۆمەڵگەی سێبیران و فڕۆکەخانە تێکشکێنرا و خرایە خوارەوە.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە بە یاننامەیەکداهێرشەکەی بە پەلامارێکی تێرۆریستی ناوبرد کە بارهگايهكى پێشمهرگهى به ئامانج گرت بەو پێەیی پهلاماردانى پێشمهرگه وهك هێزێكى فهرمیە و بهشێك له سيستمى بهرگريى عێراقى فيدراڵی و پێشهاتێكى مهترسيدار و ڕهتكراوهيه و ههڕهشه له ئارامى و سهقامگيريى عێراق دهكات، بۆیە دەست بەجێ داوای گرتنەبەری ڕێکاری پێویست دەکات لەو بارەیەوە.
حکومەتی هەرێمیش بەهەمان شێوە بە یاننامەیەکی توندی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد هێزێکی لە یاسا دەرچوو بە چاو ساغی و هاوکاریی جاش و هاوکارەکانیان هێرشەکەیان کردووەتە سەر بنکەیەکی هێزی پێشمەرگە ئەمەش "مەترسیدار و شەڕ فرۆشتنە."
بەیاننامەکە ناوی پێشەوا هەورامی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەرە و حکومەتی فیدراڵ بە بەرپرس دەزانێت بەرامبەر هێرشەکە و دەڵێت،" ئەم گروپە لە یاسا دەرچوانە لە لایەن حکومەتی فیدراڵی بودجە و موچەیان پێ دەدرێت و چەکدار دەکرێن و بە بەرچاوی حکومەتی عێراقەوە هاتوچۆ دەکەن و چەک و موشەک و درۆن دەگوازنەوە و هێرشی تیرۆریستی دەکەنە سەر دامودەزگا فەرمی و سەربازییەکان، لەکاتێکدا حکومەتی عێراقی بێ دەنگ و بێ توانایە بەرامبەریان، بەڵام ئازایە لە بڕینی قوتی خەڵکی کوردستان و بە هەمان پارە ئەم گروپانە پارەدار دەکرێن."
لەکۆتایی بەیاننامەکە دا چاوەڕوانی وەڵام و هەنگاوی کرداری لە سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی دەکرێت لە سزادانی ئەو گروپانە و هەر وەڵامدانەوەیەکیش لە کات و ساتی گونجاو دا بە مافی خۆیانی دەزانن.
مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری دیاری کورد هێرشەکان بە مەترسی گەورە دەزانێت و لە لێدوانێکیدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەو هێرشانەی کە دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان زیانی زۆری گەیاندووە، هێرشەکان لە لایەن ئەو هێزانەوە دەکرێت کە سەر بە ئێرانن، بەشێک لە هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکایە لەهەمانکاتدا بەشێکیشیان دژ بە کوردە، بۆ نموونە لە ڕۆژانی ڕابردوو وا بڵاوکرایەوە کە پەلاماری ئیستخباراتی موسادیان داوە لە ناو هەولێر ئەمە ڕاست نییە و دەیانەوێت لە کورد بدەن، یاخود کورد ناچار بکەن لەگەڵیان بێت، بۆیە ئێستا وای لێهاتووە کەس نییە بەرگری لە کورد بکات و خۆشی بەرگری پێناکرێت."
لەو کاتەوەی کە جەنگی حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، هێزەکانی ئەمەریکا بە بەردەوامی لە عێراق و سوریا دەکرێنە ئامانج، لە چوار چێوەی عێراقی فیدراڵیشدا کوردستان بووە بە ناوچەیەک کە ڕۆژانە درۆنی بە سەردا دەسوڕێتەوە و فڕۆکەخانەکانی هەولێر و هەریر دەکرێنە ئامانج، بەڵام هێرشەکەی شەوی ڕابردووی سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان پێشهاتێکی نوێیە و بەرپرسانی حکومەتی هەرێم بە زەنگێکی گەورەی مەترسیداری لەقەڵەم دەدەن.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش بەهەمان شێوە لە سەر هێرشەکە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێدا جگە لە سەر کۆنەی ڕووداوەکە داوا لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات "بە کردەوە ڕێکاری پێویست بگرێتە بەر بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانە و سزادانی گرووپەکان و کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی بۆ هێرش بەکار دەهێنرێن."
شانەی ئەمنی عێراق بڵاویکردەوە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی وەزیرانی عێراق دەزگا ئەمنیەکانی ڕاسپارد لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان لە هێرشە درۆنییەکەی سەر هێزەکانی پێشمەرگە بکەن لە سنووری هەولێر و وتی، " هێرشەکە دەسترێژییە بۆ سەر سەروەریی خاکی عێراق."
مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری دیاری کورد ئەوەشی بە دەنگی ئەمەریکا وت،" وەزعی کورد نالەبارە، چونکە ئێران ڕۆلی سەرەکی هەیە لە ناوچەکە دا و کوردیش بووە بە بەشێک لەو ململانێیەی لەنێوان ئەمەرڵکا و ئێراندا هەیە، چونکە ئێران وا هەست دەکات کورد زیاد لە پێویست لەگەڵ ئەمەرکیا و تورکیا ڕۆشتووە، کوردیش کەمتر بەلای ئێراندا شکاندوویەتیەوە، ئەوان دەیانەوێت زەختێک بکەن بۆیە مەترسی هەیە، لەو لاشەوە تورکیا لە کورد دەدات."
ئەو سیاسەمەتدارە باسی لەوەشکرد ،" لەم دۆخە خراپە دا کورد دەبێت یەکگرتوو بێت، دواتر لە یەکی بداتەوە بەرژەوەندی بەلای ئێراندایە یان ئەمەریکا و سودی چییە و کێشەکانی چۆن چارەسەر دەبن، ئەوکات بڕیاری خۆیی بدات تا زیانی کەمتری هەبێت، بەڵام بەداخەوە نە لایەنەکان کۆدەبنەوە، نە یەکگرتوون نەدەشتوانن دۆخەکە باشبکەن."