پاڵکەوتن لەسەر قەنەفە سوودی هەیە

هەمەڕەنگ
76 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بۆكس ھەواڵ ـ 

توێژەران باس لەوە دەکات کە پاڵکەوتن لەسەر قەنەفە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی بەرگری لەش و یارمەتی دابەزاندنی کێش و رێگریکردن لە نەخۆشی دەدات.

بەگوێرەی ماڵپەڕی زە سەن، کاتێک ماوەی پشوودانی زۆرمان دەست ناکەوێت، جەستەمان بڕێکی زۆر لە "هۆرمۆنی سترێس کۆرتیزۆڵ" بەرهەم دەهێنێت.

کۆرتیزۆڵ کە لە رژێنەکانی ئەدرنالدا دروست دەکرێت، جەستە دەخاتە دۆخی نائارام و دەبێتە هۆی دەمارگیری، بەگوێرەی کلینیکی کلیڤلاند، کۆرتیزۆڵ چەندین ئەرکی گرنگی هەیە، وەک رێکخستنی پەستانی خوێن و یارمەتیدانی بەخەبەرهاتنەوە یان خەوتن.

بەڵام زۆری کۆرتیزۆڵ دەبێتە هۆی لاوازکردنی سیستەمی بەرگری لەشت، بۆیە کاتێک هەست بە فشاری دەروونی دەکەیت، زیاتر تووشی میکرۆبی بەکتریا و ڤایرۆسی دەبیت، هەروەها کاریگەری لەسەر کێشت دەبێت.

تەنانەت ئەگەر زۆر کەم بخۆیت و زۆر وەرزش بکەیت، هەر دەبینیت کەمەرت گەشە دەکات. هەروەها ئەمەش دەتوانێت دەموچاوت قەڵەوتر بکات.

هەروەها دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا، کە زۆرجار دەگۆڕێت بۆ جۆری دووەمی شەکرە، بەرزبوونەوەی ئاستی کۆرتیزۆڵ دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی وەک جەڵتەی مێشک و جەڵتەی دڵ زیاد دەکات.

هەروەها بەرزبوونەوەی ئاستی کۆرتیزۆڵ دەبێتە هۆی ئەوەی پێست زیاتر چەور بێت، ئەمەش رەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی زیپکە.

هەموو ئەم کێشانە دەشێت بە پاڵکەوتنی چەند کاتژمێرێکی رۆژانە لەسەر قەنەفە و پشوودان لەگەڵ خواردنەوەی کوپێک چا مەترسییەکەی کەم بێتەوە.