راپۆرتێک: بەهۆی داشکاندن لە نرخەکان و رەزامەندیی ئێرانەوە هەناردەی نەوتی عێراق بەرزبووەوە
ئابوری
بۆکس میدیاـــــــ
وەک ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە راپۆرتێکیدا باسی دەکات،سەرچاوەکانی بازاڕی وزە و داتاکانی چاودێریی کەشتییەکان دەریدەخەن، ئاستی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە مانگی ئابدا بەرزبووەتەوە و پێشبینی دەکرێت بۆ مانگی ئەیلوول بەرزتریش ببێتەوە. هۆکاری سەرەکیی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو داشکاندنە گەورەیەی عێراق لە نرخی نەوتەکەیدا کردوویەتی، هاوکات لەگەڵ رەزامەندیی ئێران بۆ رێگەدان بە دەربازبوونی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی بە گەرووی هورمزدا.
بەهۆی دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئێران لە 28ی شوباتەوە، هاتووچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز بەشێوەیەکی بەرچاو وەستا، ئەمەش گورزێکی گەورەی لەهەناردەی عێراق دا کە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری رێکخراوی ئۆپێکە. بەڵام ئێستا بەرزبوونەوەی ئاستی هەناردەی ئەو وڵاتە، بووەتە هۆی باشتربوونی دابینکردنی نەوتی خاوی قورس بۆ وڵاتانی هاوردەکاری وەک چین و هیندستان.
رۆیتەرز ئاماژە بەوە دەکات، دوو بەرپرسی کەرتی وزەی عێراق رۆژی چوارشەممە رایانگەیاندووە، هەناردەی نەوتی وڵاتەکەیان لە مانگی تەممووزدا نزیکەی 1.35 ملیۆن بەرمیل بووە لەرۆژێکدا، بەڵام لە مانگی ئابدا ئەو رێژەیە بۆ نزیکەی 2.34 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە.
لە هەمان کاتدا، بەپێی داتای کۆمپانیاکانی چاودێریی هاتووچۆی کەشتییەکان، ڤۆرتێکسا و کەیپلەر، هەناردەی نەوتی عێراق لەمانگی ئابدا لە نێوان 2.17 ملیۆن بۆ 2.3 ملیۆن بەرمیل بووە لەرۆژێکدا. هەرچەندە ئەمە بەراورد بە مانگی پێشتر بەرزبوونەوەیە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتەوە ئاستی پێش دەستپێکردنی جەنگ، کە لە مانگی شوباتدا سەرووی 3.7 ملیۆن بەرمیل بوو لە رۆژێکدا.
جۆن گۆهـ، شرۆڤەکاری باڵا لە کۆمپانیای سپارتا کۆمۆدیتیز بەرۆیتەرزی گوتووە: "عێراق داشکاندنی گەورەی لە نەوتە قورسەکەیدا کردووە، ئەمەش هانی کڕیارانی داوە بۆ ئەوەی بەدوای رێگەی گواستنەوەی دەریاییدا بگەڕێن بۆ دەرهێنان وکڕینی نەوتەکە."
لە لایەکی دیکەوە، هەفتەی رابردوو ئاژانسی فەرمیی ئێران(ئیرنا) بڵاویکردەوە، تاران مۆڵەتی بە چەند کەشتییەکی نەوتهەڵگری عێراق داوە بەگەرووی هورمزدا تێپەڕن. بە گوتەی جۆن گۆهـ، هەرچەندە روون نییە ئایا ئەو مۆڵەتە بۆ هەموو بارهەڵگرەکانی عێراقە یان نا، بەڵام تاوەکو ئێستا عێراق تاکە وڵاتی بەرهەمهێنەری کەنداوە کە بە فەرمی مۆڵەتی تێپەڕبوونی لەلایەن ئێرانەوە پێدرابێت.
ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق(سۆمۆ) بۆ بارکردنی نەوت لە تێرمیناڵی بەسرە لە مانگی ئابدا،بۆ هەر بەرمیلێک 25 بۆ 30 دۆلار داشکاندنی کردووە. ئەمەش وایکردووە ژمارەیەک کڕیاری گەورە روو لە نەوتەکەی بکەن،لەوانە کۆمپانیاکانی پترۆچاینا و ژێنهوای چینی، تۆتاڵ ئێنێرجی،ڤیتۆڵ، ترافیکۆرا و چەندین کۆمپانیای دیکە.
سەرچاوەیەکی بازرگانی بە ئاژانسەکەی گوتووە، بازرگانان دەتوانن بۆ هەر بەرمیلێک نەوتی عێراق نزیکەی 10 دۆلار قازانجبکەن، ئەوەش دوای دەرکردنی تێچووی گواستنەوە و دڵنیایی کەبۆ هەر بەرمیلێک بە نزیکەی 17 دۆلار دەخەمڵێندرێت.
بەپێی زانیاریی سەرچاوەکان، کۆمپانیای پترۆچاینا تەنیا لەمانگەکانی تەممووز و ئابدا، شەش ملیۆن بەرمیل نەوتی لەتێرمیناڵی بەسرە بارکردووە و کەشتیی زەبەلاحیشی بەکرێگرتووە بۆ گواستنەوەی نەوتەکە بۆ پاڵاوگەکانی خۆی لە چین.بەگشتی پاڵاوگە چینییەکان بۆ مانگی ئەیلوول لانیکەم 16ملیۆن بەرمیل نەوتی بەسرەیان کڕیوە.
خواست لەسەر نەوتی عێراق لە هیندستانیش بەرزبووەتەوە؛بەپێی داتاکانی کەیپلەر، کۆمپانیای (رەڵایەنس ئیندەستریز)یهیندی لە مانگی ئابدا چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی بەسرەی پێگەیشتووە. لە هەمان کاتدا، بەرپرسێکی کۆمپانیای (بهاراتپترۆلیۆم)ـی ئەو وڵاتە ئاماژە بەوە دەکات کە بەمزووانە یەکەمین باری نەوتی عێراق بۆ ئەمساڵی داراییان پێدەگات.