فڕەنسا لە لێواری داڕماندایه‌؛ قەرزەکان وڵات پەکدەخەن و خۆشگوزەرانی بوه‌تە "مەحاڵ"

راپۆرت

بۆکس میدیاــــــــــ

قەیرانی فڕەنسا ئیتر شەپۆلێکی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی یان پەککەوتنێکی ئابوری نییە کە بە رێوشوێنی بەپەلە کۆنتڕۆڵ بکرێت؛ پێشھاتە بەدوایەکدا هاتوەکان قەیرانێکی فرەلایەنە دەردەخەن، کە تێیدا لاوازی دارایی گشتی لەگەڵ پەرەسەندنی توڕەیی جەماوەری، پەککەوتنی دامەزراوە سیاسییەکان و پاشەکشەی متمانە بە توانای دەوڵەت بۆ جێبەجێکردنی پابەندبونەکانی تێکەڵبون، نیگەرانییەکان لەوەی کە ئەو هۆکارە کەڵەکەبوانە بگۆڕێن بۆ هەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆ سەر سەقامگیری کۆماره‌كه‌ و پێگەی وڵاته‌كه‌ لەناو یەکێتی ئەوروپا و لە جیهاندا، روی لە زیادبونە.

 

لە شەقامەکانی چەندین شار و شارۆچکەدا، ڕەهەندەکانی گرژیی و توڕەیی زۆرن؛ وڵاته‌كه‌ شاهیدی ناڕەزایەتی دەربڕینی بەهێز بوه‌ لەسەر تێکچونی دۆخی قوتابخانە حکومییەکان و کەمیی مامۆستایان، و فەرمانبەران و کرێکارانی کەرتی گشتیش بەشدارییان لەو جوڵانەوانەدا کرد و ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە سەهۆڵبەندان و ڕاگرتنی موچە دەربڕی.

پێش ئەوەش، ئه‌و كه‌سانه‌ی راوەماسیان ده‌كرد بەندەر و وێستگەکانی سوتەمەنییان داخست وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە بەرزبونەوەی نرخەکانی سوته‌مه‌نی، پێشھاتەکان تەنها لە خۆپیشانداندا نەوستان؛ بەڵکو شارە فڕەنسییەکان شاهیدی ئاژاوە، تاڵانکردن و تێکدان بون، کە بوەهۆی زیانی مادی گەورە و سەدان بریندار و دەستبەسەرکردن، لە دیمەنێکدا کە فراوانبونی درز و مەودای نێوان توێژەکانی کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی دەوڵەت دەردەخات.

جوڵانەوەکان قەیرانێکی قوڵتر ده‌رده‌خه‌ن کە پەیوەندی بە پاشەکشەی توانای کڕین، تێچونی متمانە بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان، و هەستکردن بەوەی کە مۆدێلی کۆمەڵایەتی فڕەنسی ئیتر توانای دابینکردنی ئەو بەڵێنانەی نەماوە کە بۆ چەندین دەیە پێوەی بەستراونەتەوە؛ دەوڵەتێک کە هاوڵاتییەکانی ڕاهاتبون سود لە تۆڕێکی فراوانی پاراستنی کۆمەڵایەتی ببینن، ئەمڕۆ ڕوبەڕوی پرسیارێکی قورس دەبێتەوە: چۆن دەکرێت ئەو دەستکەوتانە بپارێزرێت لە سایەی بەرزبونەوەی تێچوی دابینکردنی داراییان و قورسبونی باری قەرزدا؟.

به‌گوێره‌ی راپۆرتێك، دارایی گشتی پێگەیەکی ناوەندی لە قەیرانەکەدا داگیر کردوە؛ قەرزی گشتی فڕەنسا (4 تریلیۆن دۆلار) نزیک بوەته‌وە لە 119% لە کۆی بەرهەمی ناوخۆیی (3.55 تریلیۆن دۆلار)، لە کاتێکدا ئابوری خاو دەبێتەوە. هاوکات پێشبینی دەکرێت کورتهێنانی گشتی لە 5%ی بەرهەمی ناوخۆیی تێپەڕبکات، ئەوەش ئەرکی حکومەت لە گەڕاندنەوەی هاوسەنگی بۆ هەژمارە گشتییەکان ئاڵۆزتر دەکات.

کێشەکەش بەرزتر دەبێتەوە لەگەڵ بەرزبونەوەی سودەکان؛ چونکە خزمەتگوزاری قەرز گرانتر دەبێت و دەوڵەت ناچاردەبێت سەرچاوەی زیاتر تەرخان بکات بۆ دانەوەی پابەندبونەکانی لە جیاتی ئاراستەکردنی بۆ وەبەرهێنان و خزمەتگوزارییەکان. 

مەزەندەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە فڕەنسا پێویستی بە دەرکردنی بڕی 340 ملیار یۆرۆ لە قەواڵەکان (سەندەکان)ی ماوە مامناوەند و درێژخایەن دەبێت لە ساڵی داهاتودا، لەوکاتەی کە خواستی وەبەرهێنەران بۆ کڕینیان لە سایەی مەترسییە دارایی و سیاسییەکاندا پاشەکشە دەکات.

بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە فڕەنسا بەرەو قەیرانێکی هاوشێوەی یۆنان (2009- 2010) دەڕوات، یان بەرەو داڕمانێکی لەپڕ ده‌ڕوات كه‌ متمانەی بازاڕەکان له‌ده‌ستده‌دات؛ قەبارەی ئابوری فڕەنسا و پێگەی لەناو یەکێتی ئەوروپادا کێشێکی جیاواز دەبەخشنە پاریس، بەڵام هەمان ئەو کێشە قەیرانەکە گرنگتر دەکات: هەر تێکچونێکی توند لە توانای پاریس بۆ بەڕێوەبردنی قەرزی قورسی خۆی، ڕەنگە کاردانەوەی لەسەر سەقامگیری دارایی ئەوروپا بە تەواوی هەبێت.

راستڕەوی توندڕەو له‌ فڕه‌نسا بە سەرکردایەتی مارین لوپن و پارتی "بەرەی نیشتمانی"، سود لەو کەشوهەوایەی فڕه‌نسا وه‌رده‌گرێت، وتارەکەی تێکچونی دۆخی ئابوری و لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی سەر ئاسایش و بارگرانی کۆچبەری بەیەکەوە دەبەستێتەوە، خۆی وەک جێگرەوەیەک پێشکەش دەکات کە دەتوانێت ڕێکوپێکی بۆ سیستەمەکە بگێڕێتەوە. 

لە بەرامبەردا بزوتنەوەی "فڕەنسی سەرپشک" یان چەپی رادیکاڵ، بە سەرکردایەتی ژان لوک میلۆنشۆن، بەشێک لە توڕەکانی سیاسەتە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان ڕادەکێشێت. لە نێوان هەردو لادا، ناوەندی سیاسی کە بنکەی سیاسی و جەماوەری ماکرۆنی پێکدەهێنێت، پاشەکشە دەکات.

شاره‌زایان ده‌ڵێن، بەردەوامبونی ڕوبەڕوبونەوەی نێوان هێزە سیاسییەکان ڕەنگە چاکسازییە پێویستەکان پەکبخات، باری نەبونی دڵنیایی درێژ بکاتەوە کە کاریگەری لەسەر وەبەرهێنان و بەکاربردن و متمانەی بازاڕەکان دەبێت. هەروەها بەستنەوەی ناسەقامگیرییەکان تەنها بە کۆچبەری، قایلبون بە توندکردنەوەی رێوشوێنە ئەمنییەکان، بە دڵنیاییەوە هۆکارە بنەڕەتییە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان چارەسەر ناکەن کە ئاگرەی گرژییەکان خۆش دەکەن.

فڕەنسا ئەمڕۆ ڕوبەڕوی هاوکێشەیەکی زۆر ئاڵۆز دەبێتەوە، گەڕاندنەوەی سیستەم بەبێ پشتگوێخستنی هۆکارەکانی توڕەیی، کۆنتڕۆڵکردنی قەرز بەبێ تێکدانی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و بونیادنانەوەی متمانەی سیاسی پێش ئەوەی هەڵبژاردنەکانی داهاتو ببنە ڕوبەڕوبونەوەیەکی "خۆکوژی" لە نێوان هێزە بنەڕەتییە دژبەرەکاندا.

کەواتە کێ سەرکەوتو دەبێت لە داڕشتنی پلانێکی ڕون کە بارگرانی چاکسازییەکان بە شێوازێکی دادپەروەرانە دابەش بکات، لەگەڵ دیاریکردنی لەپێشینەکانی خەرجی و پاراستنی توێژە لاوازەکان، هاوکات لەگەڵ گەڕاندنەوەی توانای بڕیاردان لەناو دامەزراوە سیاسییەکاندا، بەتایبەت پەرلەمان؟

ماکرۆن لەکاتی گەیشتنی بە دەسەڵات لە ساڵی 2017دا بەڵێنی پێشکەشکردنی وێنەیەکی گەشبینانەیدا دەربارەی فڕەنسایەک کە توانای نوێبونەوە و گەڕاندنەوەی پێگە نێودەوڵەتییەکەی هەبێت، بەڵام پاشەکشەی ناوبانگی و فراوانبونی هەستکردن بە پاشەکشە قوڵایی درز و مەودای نێوان ئەو بەڵێنە و ڕاستییەکان دەردەخەن، سەرەڕای ئەوەش زۆرینەی فڕەنسییەکان متمانەیان پێی تازەکردەوە و لە ساڵی 2022دا هەڵبژاردنەوە.

لەگەڵ نزیکبونەوەی هەڵبژاردنەکانی 2027، ئاستەنگەکە سنوردار نابێت بە دیاریکردنی ناسنامەی سەرۆکی داهاتو؛ بەڵکو لە یەکلاکردنەوەی ئەوەدا دەبێت کە ئایا فڕەنسا دەتوانێت دارایی گشتی خۆی چاکسازی بکات و گرێبەستە کۆمەڵایەتییەکەی نوێ بکاتەوە، یان قەیرانە کەڵەکەبوەکان دەهێڵێتەوە بۆ ئەوەی ناسنامە سیاسییەکەی خۆیان سەرلەنوێ دیاری بکەنەوە.

فڕەنسا تەنها ئابورییەکی گەورە نییە کە ڕوبەڕوی کێشەی قەرز بوەتەوە؛ بەڵکو یەکێکە لە ستونەکانی پرۆژەی ئەوروپی و هەر شکستێک لە کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکەیدا لێکەوتەی دەبێت کە سنورەکانی تێپەڕێنێت. بەڵام سەرکەوتنی تەنها بە شکاندنی بازنەی دواخستن و دابەشبون بەدیدێت، پێش ئەوەی باجی چاکسازی لە توانای کۆمەڵگە و دەوڵەت بۆ هەڵگرتنی بەرزتر ببێتەوە.

فڕەنسای ڕووناکی، بیر و پێشکەوتن هەست بەوە دەکات کە پیر و ماندو بوە، فڕەنسییەکان دەزانن کە سیستەمە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەیان ئیتر توانای گەشەسەندن و هاوتەریببونی لەگەڵ ژیانی مۆدێرن نەماوە، لەوە خراپتر ئەوەیە کە ئابوری ئیتر ناتوانێت سامانێکی پێویست بەرهەم بهێنێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەوەی پێشتر هەبو.