بەغداد بڕیاری کردنەوەی سێ دەروازەی سنووری لەگەڵ ئێراندا دا

عێراق

بۆکس میدیاـــــــــ

حکومەتی عێراق بڕیاریداوە سێ دەروازەی سەرەکیی سنووری لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بکاتەوە، دوای ئەوەی بەهۆی هێرشە درۆنییەکەی سەر بۆریی نەوتی سعوودیە داخرابوون. دەسەڵاتدارانی بەغداد خشتەیەکی کاتییان بۆ دەستپێکردنەوەی هاتووچۆی گەشتیاران و جووڵەی بازرگانی لە ژێر چاودێرییەکی توندی ئەمنیدا ڕاگەیاندووە تاوەکو ڕێگری لە هەر پێشێلکارییەک بکرێت.

حکومەتی عێراق بڕیاریدا بە کردنەوەی قۆناغ بە قۆناغی سێ دەروازەی سنووری لەگەڵ ئێران،هاتووچۆی گەشتیاران لە ڕۆژی 13ـی ئەیلوول لە دەروازەکانی شەلامجە و شەیب دەستپێدەکاتەوە،ئاڵۆگۆڕی بازرگانی لە ڕۆژانی دووشەممە، سێشەممە و چوارشەممەی ئەم هەفتەیەدا دەستپێدەکاتەوە،بڕیارەکە دوای پێداچوونەوەیەکی ئەمنی و تەکنیکیی ورد بە دۆخی خاڵە سنوورییەکان دێت.

شانەی ئەمنیی عێراق ڕوونی کردەوە کە ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای ڕێنماییەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دراوە، ئەمەش پاش ئەنجامدانی پێداچوونەوە بە کارەکانی دەروازەکان و دابینکردنی پێداویستییە تەکنیکی و لۆجستییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ کارمەندانی خاڵە سنوورییەکان؛ ئامانج لەم هەنگاوە دابینکردنی ئاسایشی تەواوەتیی سنوورەکانە بە شێوەیەک کە هاوکات لەگەڵ ڕێگریکردن لە پێشێلکاری، ڕەوتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و جووڵەی هاوڵاتییان بە ئاسایی بەڕێوەبچێت.