زەیدی دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ لە عێراق رادەگەیێنێت: ئەرکی هاوپەیمانان کۆتاییهات
عێراق
بۆکس میدیاـــــــ
سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی لە عێراق راگەیاند ودەڵێ، ئەرکی هاوپەیمانان تەواو بوو، بەڵام جەنگ دژی تیرۆر درێژەی هەیە و هیچ چەک و هێزێکیش لە دەرەوەی یاسا و دامەزراوەکانی دەوڵەت نابێت.
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکانی عێراق رۆژی چوارشەممە 30ی ئەیلوولی 2026،سەرپەرشتیی رێوڕەسمێکی کرد کە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە بەغدا بەبۆنەی رۆژی سەروەری وکۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژیداعش لە عێراق رێکیخستبوو. لە رێوڕەسمەکەدا فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان و فەرماندە جیاوازەکانی سەربازی وپێکهاتە ئەمنییەکان ئامادەبوون.
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە ئەیلوولی ساڵی 2014و دوای هێرشەکانی ئەو رێکخراوە بۆ سەر عێراق و سووریا، بەبەشداریی زیاتر لە 80 وڵات و رێکخراوی نێودەوڵەتی دامەزرا.ئەرکی سەرەکیی هاوپەیمانییەکە بریتی بوو لە پێشکێشکردنی پشتیوانیی سەربازی، راهێنان و راوێژکاری بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ بەزاندنی داعش.
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە گوتارێکدا رایگەیاند،ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بە فەرمی کۆتاییهاتووە و گوتی: "عێراق ئەمڕۆ بەرهەمی قوربانیدانی گەورە و هەوڵی قارەمانانەی چەندین ساڵە دەچنێتەوە، تاوەکودەزگا ئەمنییەکانمان بە هەموو بەشەکانیانەوە توانییان کۆنترۆڵی دۆخی ئەمنی و مەیدانی لە سەرانسەری عێراقدا بکەن."
عەلی فالح زەیدی، ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژی 30ی ئەیلوولی2026 وێنەیەک دەهێنێتەوە یاد کە هەمیشە لە یادەوەریدا دەمێنێتەوە؛ "وێنەی گەلەکەمان کە بەرگری لە خاک و شار وشارۆچکەکانی دەکرد کە تیرۆریستان پیسیان کردبوون."