ساڵی 2023 لە ئێران لانی کەم 823 کەس لە سێدارە دراون
راپۆرت

بۆكس راپۆرت ـ
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاپۆرتی ساڵی 2023ی خۆی لەبارەی بارودۆخی مافی مرۆڤ و پێشێلکرانی بەربڵاوی مافی سەرەکی هاووڵاتییان لە ئێران بڵاو کردەوە.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ئەو رێکخراوە، لە ماوەی ساڵی 2023ی زایینیدا، لانی کەم 823 بەندکراو لە سێدارە دراون و 333 کۆڵبەر کوژراون و بریندارکراون و 27 هاووڵاتیش بوونەتە قوربانیی تەقینەوەی مین و مادە تەقەمەنییەکان.
هەر بەپێی ئەم ئامارە 34 بەندکراو لە گرتووخانەکانی ئێراندا گیانیان لەدەست داوە و دوو هەزار و 341 هاووڵاتی کە ناسنامەیان ئاشکرا بووە, دەستبەسەر کراون.
لە ساڵی رابردوودا 21 چالاکی سیاسی و هاووڵاتیی ناڕازی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە و 547 چالاکیش بەیەکەوە سزای دوو هەزار و 94 ساڵ و هەشت مانگ زیندانی و 94 ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و دوو هەزار و 547 قامچییان بەسەردا سەپاوە.
ئامارەکە سەلمێنەری دۆخی تایبەتی مافی مرۆڤە لە ئێران. جێبەجێکرانی سزای سێدارە بۆ ژمارەیەکی زۆر لە بەندکراوان، دەستبەسەرکران و زۆربوونی توندوتیژی دژ بە چین و توێژە چەوساوەکان وەکوو کۆڵبەرەکان و چالاکانی مەدەنی، وێنەیەکی ئازاربەخش لە پێشێلکرانی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ پێشان دەدات.
رێکخراوەکە پێی وایە هەڵاواردنی نەتەوەیی و مەزهەبی و بە ئامانجگرتنی چالاکانی سیاسی و سڤیل، لە نیشانەکانی نەبوونی دادپەروەری و ئازادی لە ئێراندایە.
سیاسەتێک کە کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ ژنان هەڵیبژاردووە، بریتییە لە پێشێلکردنی سیستماتیکی مافەکانی ژنان و کەمینە ڕەگەزییەکانە و ژیانی ئەوان نەک لە گۆڕەپانی سیاسی و ڕێوڕەسمەکانی دەسەڵات، بەڵکوو لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتیش بێبایەخ دەکات و کوژرانی ژنان بەشتێکی ئاسایی هەژمار دەکات.
لە نێوان سەرجەم ئەو بەندکراوانەی لە سێدارە دراون 31 کەسیان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەزهەبی و بەشداریکردن لە خۆپێشاندانەکان و ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی و ناڕەزاییەتییەکان لە سێدارە دراون کە نۆ کەس لەوانە کورد بوون.
156 جار خوێندراوهتهوه