وته‌بێژی حکومەتی ئێران: خۆمان بۆ هەمو سیناریۆکانی شەڕ ئامادە كردوه‌

جیهان

بۆکس میدیاــــــــ

لەگەڵ بەردەوامبونی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران، حکومەتی ئێران رایگه‌یاند، ئامادەیە بۆ هەمو سیناریۆکان، له‌باره‌ی گۆڕانكاریش له‌ حكومه‌تدا وتی، "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەلومەرجە سەختەی ئێران لەم ڕۆژانەدا ڕوبەڕوی دەبێتەوە، گۆڕینی ئەندامانی کابینەکە هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات".

فاتمە موهاجرانی، وتەبێژی حکومەتی ئێران ئه‌مڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئێمە ئامادەین بۆ هەمو سیناریۆکان، لەوانەش قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکان یان هێڵی شەمەندەفەر، بەڵام ناتوانم ئەو ڕێوشوێنانە ئاشکرا بکەم کە حکومەت دەیگرێتەبەر، چونکە ئێمە لە شەڕداین".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "هەندێک پرس لە دەنگۆ و قسە و باس زیاتر هیچی تر نین، بەڵام سروشتییە حکومەت خۆی بۆ سەختترین سیناریۆ ئامادەکردوە".

سەبارەت بە ئەگەری دەستکاریکردنی کابینەی حکومەت، وته‌بێژی حكومه‌تی ئێران رونیكرده‌وه‌، "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەلومەرجە سەختەی ئێران لەم ڕۆژانەدا ڕوبەڕوی دەبێتەوە، گۆڕینی ئەندامانی کابینەکە هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات، مەسعود پزیشكیان، سەرۆک کۆماری ئێران هێشتا هیچ بڕیارێکی نەداوە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری".

ئەو لێدوانانە لە کاتێکدا هات کە تاران لەم دواییانەدا هۆشداری و هەڕەشەکانی خۆی پەرەپێدا، موحسین ڕەزایی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران هەڕەشەی کرد کە ئەگەر جارێکی دیکە شەڕێکی قورس سەرهەڵبداتەوە، کێبڵ و ناوەندەکانی داتا لە ناوچەکەدا دەکاتە ئامانج.

هەروەها بەرپرسانی ئێران هۆشدارییان داوە، بە ئاشکرا و لە دانوستانی تایبەتی لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە، کە وڵاتەکەیان بە پەرەسەندنی زیاتر لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەڵام دەداتەوە ئەگەر ئەمریکا هێرشی نوێ دەستپێبکات.

دو ڕۆژ لەمەوبەر عەمید عەلی جەهانشاهی، فەرماندەی هێزی زەمینی ئەرتەشی ئێران رایگه‌یاند، "زۆربەی یەکەکانی هێزی زەمینی لە سنورەکانی باکوری ڕۆژئاوا، ڕۆژئاوا، باشوری ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات، باکوری ڕۆژهەڵات و باشوری ڕۆژهەڵاتی وڵات بە تایبەت لە کەناراوەکانی مەکران جێگیرن و ئاستێکی زۆر بەرزی ئامادەییان هه‌یه‌".

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر بە ڕونی رایگەیاندبو، بەر لە کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خول کە بڕیارە لە 3ی مانگی داهاتو بەڕێوەبچێت، هێرش بۆ سەر ئێران ناکات، به‌ڵام به‌رپرسانی ئیداره‌كه‌ی هیچ یه‌كێك له‌ بژارده‌كانیان ره‌تنه‌كرده‌وه‌.