راوێژکاری خامنەیی: ئیسرائیل بێ پشتیوانی ئەمریکا توانای ئەوەی نییە هیچ کارێک بکات

جیهان

بۆکس میدیاـــــــ

محەمەد موخبر ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌  لەمیانی وتارێكدا رایگه‌یاند، "باوەڕی ئەوەی کە ڕژێمی زایۆنیستی سەربەخۆیە لە ئەمریکا تەنیا گاڵتە و گاڵتەجاڕییە، ئەوروپا و ناتۆ و زلهێزەکانی دیکە شانبەشانی ئەمریکا لە دژی ئێران بەشداری شەڕەکەیان کردوە". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "بنکە ئەمریکییەکان لە وڵاتانی ئەوروپی و بنکە بریتانیاییەکان لەبەردەستی ئەمریکییەکاندان و ئەوانیش له‌ هەمان ئەو توانایانە لە ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ ئێران کەڵک وەردەگرن".

محەمەد موخبر رونیشیكرده‌وه‌، "ئه‌گه‌ر بڵێین ئێران له‌ هیچ شه‌ڕێكدا هه‌رگیز شكستی نه‌هێناوه‌ هه‌ڵه‌یه‌، به‌ڵكو له‌ هه‌مو جه‌نگه‌كان شسكتی هێناوه‌، ته‌نها له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئێستادا نه‌بێت".

سەبارەت بە گەروی هورمز، راوێژكاره‌كه‌ی خامنه‌یی وتی، "هەندێک دەڵێن پێویستە دەستبەرداری گەروی هورمز بین بۆ ئەوەی باقی وڵات لەدەست نەدەین، بەڵام بەهەمان لۆژیک پەیمانی تورکمانچای واژۆکرا و بەشێکی وڵات لەدەستچو".

ئەو لێدوانانە بە تایبەتی سەبارەت بە ئیسرائیل دوای ئەوە هات کە شەوی ڕابردو بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دوپاتی کردەوە کە "درەنگ یان زو ئەرکی دژ بە ئێران بە ئەنجام دەگەیەنین" و جەختی لەوە کردەوە کە "ئامانجی ڕوخاندنی ڕژێمە".

ئەمەش دوای ئەوە هات کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پێشنیازی نوێکراوەی وڵاتەکەی بۆ کردنەوەی گەروی هورمز لەسەر مێز ماوەتەوە. 

ناوبراو جەختی لەوەکردەوە کە مەرجەکانی ئێران مەعقولە و پێشتریش لە ڕێککەوتنی سەرەتایی کە لە مانگی حوزەیرانی ڕابردو لە نێوان تاران و واشنتن واژۆ کرابو، جێگیر کرابو.

لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕەوە لە 28ی شوباتەوە، دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران، هاتوچۆ لە گەروی هورمز ئیفلیج بوە و لەسەدا پێنجی باری نەوت و گاز لە جیهاندا تێدەپەڕێت.

هاوکات هێزەکانی ئەمریکا گەمارۆی پەکخستنی دەریایییان بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندوه‌، تاوه‌كو ئێستا هەوڵە دیپلۆماسییەکان تا ئێستا نەیانتوانیوە لایەنی ئەمریکی و ئێرانی بگەڕێننەوە سەر مێزی دانوستان دوای داڕمانی ئەو ڕێککەوتنە سەرەتاییەی کە هاوینی ڕابردو لە ئیسلام ئاباد واژۆ کرابو.