ئەمریكا هۆشداری لە داخستنی ئاسمانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات

جیهان

بۆکس میدیاــــــــ

باڵیۆزخانەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاگاداریی ئەمنیی بەپەلەیان بڵاوكردەوە و داوایان لە هاوڵاتیانی خۆیان كرد لە ئەوپەڕی وریایدابن، لە دوای هێرشەكانی حوسییەكان بۆ سەر خاكی سعودیە و زیادبونی نیگەرانییەكان لە تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەكان.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هۆشداری دا كە ئەگەری پەرەسەندنی خێرای ململانێ سەربازییەكان لە دەرەوەی سنورە جوگرافییەكانی ئێستا هەیە، كە لەوانەیە كاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر هاتوچۆی فڕۆكەوانیی مەدەنی لە ڕێگەی داخستنی ئاسمانی ناوچەكە، هەڵوەشاندنەوەی گەشتەكان و شێواندنی جوڵەی گەشتیاران دروست بكات.

باڵیۆزخانەكان داوایان لە هاوڵاتیانی خۆیان لە ناوچەكە یان ئەوانەی بەتەمای گەشتكردنن كردوە كە بە وردی بەدواداچون بۆ زانیاریی فڕۆكەخانەكان و هێڵەكانی ئاسمانی بكەن، هەروەها پلانی ئەمنی و پێشوەختەی فریاگوزاری بۆ هەر پەرەسەندنێكی لەناكاو ئامادە بكەن.

ڕاگەیەندراوی پەیوەندیدار؛
نێردە دیپلۆماسییەكانی ئەمریكا ڕایانگەیاند، ئەگەری هەیە ئێران و گروپە هاوپەیمانەكانی، دامەزراوە، كۆمپانیا و بەرژەوەندییەكانی واشنتن و هاوڵاتیانی ئەمریكی لە ناوچەكە و لەسەرتاسەری جیهاندا بكەنە ئامانج.

هۆشدارییە ئەمنییەكان هاوڵاتیانی ئەمریكای لە سعودیە، ئیمارات، كوەیت، ئوردن، بەحرەین، عومان، قەتەر، عێراق، لوبنان، یەمەن و ئێران، لەگەڵ ئیسرائیل و شاری قودس گرتوەتەوە.

ئەم هۆشدارییە ئەمنییانە لەلایەن وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆزخانەکانی ئەمریکاوە بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری سەرەکییەوە دەدرێن کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە سەلامەتیی هووڵاتیانیانەوە هەیە و ڕێکارێکی خۆپارێزیی پێشوەختە دەدرێن تا هاوڵاتیانیان پلان و ئامادەکاری پێویستیان هەبێت بۆ هەر دۆخێکی نەخوازراو.