ئێران خستنەخوارەوەی درۆنێکی پێشکەوتووی ئەمریکای لە گەرووی هورمز راگەیاند
جیهان
بۆکس میدیاـــــــــ
ئەمڕۆ سێشەممە، سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایان لە ئاسمانی گەرووی هورمز پێکاوە و خستوویانەتە خوارەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی سوپای پاسداران، درۆنە ئەمریکییەکە لە جۆری MQ-9 بووە و لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆدا، لە رێگەی سیستمێکی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانیی دروستکراوی ناوخۆی ئێرانەوە کراوەتە ئامانج.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئۆپەراسیۆنی پێکان و خستنەخوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لەلایەن هێزی هەوافەزای سەر بە سوپای پاسداران و لەژێر سەرپەرشتی و کۆنترۆڵی تۆڕی یەکگرتووی بەرگریی ئاسمانیی ئێراندا جێبەجێ کراوە.
سوپای پاسداران ئەوەشی خستووەتە روو، کە ئەمە 54ـەمین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە لەو مۆدێلە پێشکەوتووە کە تا ئێستا خستنەخوارەوەی لەلایەن هێزەکانیانەوە رادەگەیەنرێت.