عێراق سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی لە تورکیا دەکڕێت

عێراق

بۆکس میدیاــــــ

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (The National)، عێراق پلانی هەیە 20 سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتوو لە تورکیا بکڕێت.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، فەریق ڕوکن سەعد حەربییە لە میانی بەشداریی لە پێشانگای(  SAHA Expo 2026  ) لە ئەستەنبوڵ ڕایگەیاندووە کە عێراق هەوڵ دەدات توانا بەرگرییەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی درۆن و مووشەک پەرەپێ بدات، بەتایبەت دوای ئەو هێرشانەی لە کاتی ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا کرانە سەر دامەزراوە سەربازییەکان.

ئەوەش هاتووە: لە ناو لیستی خواستەکانی عێراقدا، سیستەمی (SIPER)ی دوورمەودا دیارترینە کە مەودای وەشانی نوێی دەگاتە 180 کم و ڕادارەکەی تا 600 کم کار دەکات.

 هەروەها بایەخ بە سیستەمی (HISAR-O) دەدرێت بۆ مەودای 30 و (HISAR-A) بۆ مەودای کورت تا 15کم . جگە لەمانە، عێراق دەیەوێت سیستەمی (KORKUT)ی دژە درۆن و مووشەکی (SUNGUR) بەدەست بهێنێت کە مەودای 8 کم هەیە.

چاودێران پێیان وایە پەنابردن بۆ بژاردەی تورکی بۆ عێراق بە بژاردەیەکی گونجاو دادەنرێت، چونکە پیشەسازییە بەرگرییەکانی تورکیا هاوسەنگییان لە نێوان تەکنەلۆژیای سەردەم و تێچووی کەمدا درووست کردووە.

جگە لەوەی تورکیا لە پرۆسەی هەناردەکردنی چەکدا ئاسانکاریی دەکات و بە پێچەوانەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، مەرجی سیاسی و سەربازیی ئاڵۆز بۆ فرۆشتنی چەک بەسەر عێراقدا ناسەپێنێت.