ئێران:بەبێ هیچ سازشێک قەرەبووە داراییەکانمان لە ئەمریکا وەردەگرینەوە

جیهان

بۆکس میدیاــــــ

موحسین ڕەزایی، ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای ئێران، ئه‌مڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لاپەڕەیەکی نوێی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ململانێ ناوچەییەکاندا هەڵداوەتەوە و جەختی کردەوە کە تاران هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ ئەو هاوکێشانەی پێش جەنگە 12ڕۆژەکەی ساڵی ڕابردوو هەبوون

 سەبارەت بە دۆخی گەرووی هورمز، ڕەزایی واشنتنی تۆمەتبار کرد بەوەی دەیەوێت لە ڕێگەی سیناریۆی نمایشکاری و پڕوپاگەندەوە، ڕێگە بۆ کشانەوەی لە ناوچەکە خۆش بکات و دووپاتی کردەوە کە چیتر ڕێگە نادەن هەڵەکانی ڕابردوو دووبارە ببنەوە

 هاوکات جەختی لە پرسی وەرگرتنەوەی قەرەبووی دارایی لە واشنتن کردەوە و ڕایگەیاند، ئەمریکا بەرەو داڕمانی حەتمی هەنگاو دەنێت و تەنها بە نەمانی دەستێوەردانەکانی ئەو وڵاتە ئاسایش بۆ ناوچەکە دەگەڕێتەوە

 ئەم لێدوانانەی تاران لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەشبینی خۆی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن دەربڕی و ڕایگەیاند، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا گفتوگۆی باشیان ئەنجامداوە. ترەمپ لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" هۆشدارییەکی توندیشی ئاڕاستەی تاران کرد و نووسیویەتی ئەگەر ئێران لەسەر ڕێککەوتنەکە کۆک بێت، پڕۆسەی تووڕەیی داستان ئاسا کۆتایی دێت، بەڵام لە ئەگەری ڕازی نەبوونیان، بۆردوومانەکان بە ئاستێکی زۆر توندتر و بەهێزتر لەوەی پێشتر بینراوە دەستپێدەکەنەوە.