ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەیەکی کتوپڕ و کوشندە دەکات
کوردستان
بۆکس میدیا ـــــ
فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران دەڵێت، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی ئامادەی وەڵامدانەوەی خێرا و یەکلاکەرەوەی هەر جۆرە پێشێلکارییەکن لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، هاوکات جەخت لە کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی گەرووی هورمز دەکاتەوە.
لیوا عەلی عەبدوڵڵاهی، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، بەهۆی "گورزە کوشندە و وێرانکەرەکانی" موشەک و درۆنەکانی هێزەکانیانەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل تووشی شکست هاتوون و ناچار بوون بە لاوازییەوە داوای ئاگربەست بکەن.
وتیشی: هێزە چەکدارەکان بە تەواوی ئامادەن بۆ هەر پێشهاتێک و خەڵکی ئێرانیش بە بەشداریکردنیان لە گۆڕەپانەکاندا، بەردەوامن لە پشتیوانیکردنی سوپا و پارێزەرانی نیشتمان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو فەرماندە باڵایەی ئێران هۆشداریی دایە ئەمریکا و ڕایگەیاند، هێزەکانیان باڵادەستن و ڕێگە بە سەرۆکی ئەمریکا نادەن چیرۆکی درۆ و چەواشەکارانە لەسەر دۆخی مەیدانی و قۆناغی بێدەنگیی سەربازی بڵاوبکاتەوە، بەتایبەت لە پرسی بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمزدا، جەختیشیکردەوە کە بە توندی وەڵامی هەر پێشێلکارییەکی ڕێککەوتنەکان دەدەنەوە