ئەمریکا سزای سەر نەوتی ئێران بۆ ماوەی 60 رۆژ لادەبات
جیهان
بۆکس میدیاـــــــ
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە فەرمی هەڵپەساردنی سزاکانی سەر نەوتی ئێرانی تاوەکو 21-08-2026 راگەیاند؛ئەم بڕیارەش وەک بەشێک لە بەڵێنەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتن دێت کە هەفتەی رابردوو لەنێوان واشنتن وتاراندا واژۆ کرا.
رۆژی دووشەممە 22-06-2026، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا مۆڵەتێکی گشتیی فەرمی بۆ ئێران دەرکرد، کە رێگە بەبەرهەمهێنان، گەیاندن و فرۆشتنی نەوتی خاو، بەرهەمە پترۆکیمیایی و پترۆلییەکانی ئەو وڵاتە دەدات تاوەکو 21ـی ئابی داهاتوو.
بەپێی یاداشتی لێک تێگەیشتنەکەی هەفتەی رابردووی نێوان هەردوو لایەن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، ئەمریکا رازی بوو لێخۆشبوونی فەرمی بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێران،بەرهەمە نەوتییەکان و داتاشراوەکانیان، لەگەڵ سەرجەم خزمەتگوزارییە دارایی و بانکییەکان، دڵنیایی (بیمە) وگواستنەوە دەربکات.
سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە ئێکس نووسیویەتی: "هاوتەریب لەگەڵ دانوستاندنە بەرهەمدارە بەردەوامەکانی سویسرا، ئێران پابەند بووە بە تێپەڕبوونی ئازاد وکراوە بەنێو گەرووی هورمزدا، رێگە دەدات پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA) بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان."
بێسنت نووسی، "وەک بەشێک لەم چوارچێوەیە، گەنجینەی ئەمریکا مۆڵەتێکی گشتیی کاتیی 60 رۆژەی دەرکردووە کە رێگەبە بەرهەمهێنان، گەیاندن و فرۆشتنی نەوتی ئێران دەدات."
ئەم مۆڵەتە نوێیە رێگە دەدات تەنانەت نەوتی ئێرانی هاوردەی ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش بکرێت کاتێک پێویست بێت بۆ تەواوکردنی فرۆشتن یان گەیاندنی. لەگەڵ ئەوەشدا، گەنجینەی ئەمریکا روونیکردەوە، ئەم مۆڵەتە هەمەلایەنەیە بە هیچ شێوەیەک ئەو وڵاتانە ناگرێتەوە کە لەژێر سزای قورسی ئەمریکادان، وەک کۆریای باکوور یان کوبا.
ئەم بڕیارە مێژووییە لە کاتێکدا دێت، شاندە تەکنیکییەکانی ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی پاکستان و قەتەر، لەهاوینەهەواری بۆرگنشتاک (Bürgenstock)ـی سویسرا لەگفتوگۆدان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی ئاشتی وراگرتنی هەمیشەیی جەنگ لە ناوچەکەدا.