لەکۆتا ڕۆژەکانی دەسەڵاتەکەیدا تەیف سامی سکاڵا لەسەر حکومەتی هەرێم تۆمار دەکات
کوردستان
بۆکس میدیاــــــ
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە دادگای باڵای فیدراڵی سکاڵا لە دژی بڕیارێکی حکومەتیهەرێمی کوردستان تۆمار دەکات، کە لە ساڵی 1992 دەرچووە و تایبەتە بە موڵکەکانى حکومەت. ئەوەش لەکاتێکدایە وەزیری دارایی عێراق لە دواین ڕۆژەکانی دەسەڵاتەکەیدایەتی.
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، 10ی حوزەیرانی 2026 یەکەم دانیشتنی تایبەت بەو سکاڵایە دەکرێت.
سکاڵاکەی تەیف سامی، وەزیرى دارایی فیدراڵ، لەسەر سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی و ئابوورییە.
لەو سکاڵایەدا تەیف سامی داوای کردووە بڕیاری ژمارە 3326ی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە “نادەستووری” بناسێنرێت، کە لە 24ی تشرینی دووەمی 1992 دەرچووە. بەگوێرەی سکاڵاکە، ئەو بڕیارە تایبەتە بە تۆمارکردنی سەرجەم موڵکەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ناوی وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە، کە پێشتر بە ناوی حکومەتی پێشووی عێراق و ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی پێشووی دەسەڵاتی بەعس بوون.