وه‌زیری سوپای ئه‌مریكا ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی پێشكه‌ش كرد
جیهان
بۆکس میدیاــــــــــ
دان دریسكۆڵ وه‌زیری سوپای ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی پێشكه‌شی دۆناڵد تڕه‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا كرد، پاش ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردودا گرژی و ناكۆكییه‌كی قوڵ و به‌رده‌وام له نێوان ناوبراو و پیت هێگسێت وه‌زیری جه‌نگ (به‌رگری)ی ئه‌مریكادا دروست بوبو، كه گه‌یشته قۆناغی بنبه‌ست.
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی مالپه‌ڕی CNN بڵاویكردونه‌ته‌وه، ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی دریسكۆڵ له دوای زنجیره‌یه‌ك گۆڕانكاری و گرژیی گه‌وره دێت له‌ناو سه‌ركردایه‌تیی وه‌زاره‌تی به‌رگری (پنتاگۆن).
سه‌رچاوه ئاگاداره‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه ناكۆكییه‌كانی نێوان دریسكۆڵ و هێگسێت چه‌ندین پرسی گرنگی پیشه‌یی، ئیداری و ستراتیژیی گرتوه‌ته‌وه؛ له‌وانه‌ش پرسی ده‌ركردنی ژماره‌یه‌ك له فه‌رمانده و ئه‌فسه‌ره باڵاكانی سوپا و شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی پڕۆژه‌كانی په‌ره‌پێدانی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان (درۆن).
سه‌رچاوه‌كان باسیان له‌وه كردوه كه یه‌كێكی دیكه له هۆكاره‌كانی قوڵبونه‌وه‌ی گرژییه‌كان ئه‌وه بوه كه دریسكۆڵ له لایه‌ن كۆشكی سپییه‌وه ڕاسپێردرابو بۆ به‌شداریكردن له دانوستانه هه‌ستیاره‌كانی په‌یوه‌ست به جه‌نگی نێوان ڕوسیا و ئۆكرانیا له‌بری هێگسێت، هاوكات وه‌زیری به‌رگری پێیوابوه كه دریسكۆڵ به ته‌واوی پابه‌ندی فه‌رمانه‌كانی نه‌بوه، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا، كۆشكی سپی له لێدوانێكدا ستایشی ڕۆڵی دریسكۆڵی كردوه له پێشخستنی ئه‌جێندای سه‌رۆك تڕه‌مپ و به‌ڕێوه‌بردنی سوپادا.
دان دریسكۆڵ له مانگی (شوبات/2)ی 2025ه‌وه وه‌ك وه‌زیری سوپا كاری ده‌كرد و له ماوه‌ی ده‌ستبه‌كاربونیدا هه‌وڵی چاكسازیی فراوان و كه‌مكردنه‌وه‌ی پشتبه‌ستن به كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانی پیشه‌سازیی سه‌ربازیی داب‌و، ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی وه‌ك نیشانه‌ی تێكچونی هاوسه‌نگی و به‌رده‌وامیی ناكۆكییه ناوخۆیییه‌كان له لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازیی ئه‌مریكادا لێكده‌درێته‌وه.